خۆپیشاندانی خوێندکاران
راگرتنی دەوام خوێندکاران لەسەر شەقامەکان دوور ناخاتەوە
میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ڤیدیۆ
راگرتنی دەوامی زانکۆی سلێمانی نەبووە هۆی چۆڵکردنی شەقامەکان لە لایەن خوێندکارانەوە، بەڵکو دەڵێن تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بەردەوام دەبن.
خوێندکاران داوای پێدانی دەرماڵە و کەمکردنەوەی پارەی خوێندنی سیستمی پارالێڵ و دامەزراندن دەکەن.
بەهۆی زۆریی ناڕەزایەتییەکان و پێکهەڵپژانی خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان، دوێنێ دووشەممە، ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاری راگرتنی دەوامی دا.
راگرتنەکە بۆ سێ رۆژی کۆتایی ئەم هەفتەیەیە و دەوامی زانکۆکانی گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجەش دەگرێتەوە.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوی راگرتنی دەوامدا دەڵێت، لەبەر سەلامەتیی خوێندکاران و مامۆستایان و نەگرتنی رێگە و شەقامە گشتییەکان ئەو بڕیارەیان داوە.
شەماڵ لوقمان، نوێنەری خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی سلێمانی بە میدیازانی وت، “لە رۆژانی رابردوودا نزیکەی پێنج خوێندکارمان بریندار بوون و ژمارەیەکیشمان لێ دەستگیر کراون.”
وتیشی، بە بڕیاری راگرتنی دەوام کۆتایی بە خۆپیشاندان ناهێنن و دەیانەوێت داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.