شاندێکی فوتساڵ گەشتی فەرەنسا دەکەن

964+

یادگار محەمەد

بە 30 یاریزان و پێنج راهێنەری هەرێمی کوردستان، فوتساڵی کجانی عێراق دەچنە فەرەنسا. راهێنەرێکی کوردستانیش دەڵێت: ئامانج لە سەردانەکە زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانانە.

وا بڕیارە شاندێکی باڵای فوتساڵی کچانی عێراق گەشتی وڵاتی فەرەنسا بکەن، لەناویاندا 30 کچە یاریزانی کورد و پێنج راهێنەر بوونیان هەیە.

عەباس فەرەج، یەکێکە لەو راهێنەرانەی فوتساڵ کە لە شاندەکەدا هەیە بە 964ـی وت، لە ناوەڕاستی مانگی 11ـی ساڵی رابردوو، دوو راهێنەری فەڕەنسی هاتنە عێراق و دواتریش سەردانی شاری هەولێریان کرد بەمەبەستی بەرێوەبردنی خولێکی بەهێزکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی راهێنەرانی فوتساڵ.

زیاتر دەشڵێت: گەشتی فەڕەنسا لەسەر بنچینەی زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی یاریزانان و وەرگرتنی ئەزموونی زیاتری راهێنەرانە، چونکە وڵاتی فەڕەنسا ئاستێکی باڵایان هەیە لە یاری تۆپی پێی کچان و شاندەکەش دەچێتە یانەی پاریس سانت جێرمان.

سەبارەت بە راگەیاندراوەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بەوەی کە هیچ پەیوەندییەکی بەو گەشتەوە نییە، هادی کەریم جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە 964ـی وت، دەبوو ئێمە سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە بکەین، لەبەر ئەوەی خولی فوتساڵی کچان یەکێکە لە چالاکییەکانی ساڵانەی فیدراسیۆنەکە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە هەوڵی ئەوە درا کە رۆلی ئێمە لەو بابەتەدا کەم بکەنەوە.

زهیاتر وتی “لەلایەن کەسێکەوە لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق ئەندامانی ئێمە کە دەبوو لە شاندەکەدا بن دوورخرانەوە و خەڵکانێکی تر دانران”.

بڕیارە شاندی فوتساڵی کچانی عێراق کە زۆربەی یاریزانەکانی کوردن، رۆژی 30.4.2023 گەشتەکە بکەن و ماوەی هەفتەیەک بمێننەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق