بێ خزمەتگوزاری خەریکە نەخۆشخانەکانی گەرمیان دادەخات

964+

میلاد جەلال – کەلار

ماوەی سێ رۆژە نەخۆشخانەکانی گەرمیان بێ کارگوزارن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلاریش دەڵێت، بەم حاڵەوە هەر دەتوانین هەفتەیەک بەردەوام بین.

964 زانیویەتی، وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی کۆمپانیای پاککەرەوەی تەندروستی گەرمیانی نوێنەکردۆتەوە، بە هەمان هۆکار هەموو نەخۆشخانەکانی گەرمیان هەمان کێشەیان هەیە.

حارس محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار بە 964ی وت “لە سەرەتای ئەمساڵەوە گرێبەستی کۆمپانیاکە تەواو بووە، دەبوو دووبارە بۆیان نوێبکرێتەوە، بەڵام نەکرا، چونکە لەمەوبەر لەلایەن تەندروستی گەرمیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ بۆیان دەکرا، کارەکانیان سێ رۆژە راگیراوە و پارەیان بۆ خەرجناکرێت، تاکو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرنەگیرێت”

بە وتەی حارس محەمەد، نەخۆشخانەی کەلار هەفتەیەک دەتوانێت بەردەوام بێت، دواتر ئاستی خزمەتکردن کەم دەبێتەوە یان ناچارن دایبخەن.

بەگوێرەی زانیاری تەندروستی گەرمیان، کارماندانی کۆمپانیای خزمەتگوزاری پاککەرەوە لە ئیدارەی گەرمیان ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەگەرچی داوایان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی