بەشە خۆراکی دهۆک هێشتا لەناو بارهەڵگرەکاندایە
میدیازان- عەمار عەزیز- دهۆك
بۆ دە رۆژ دەچێت ژمارەیەک بارهەڵگر کە بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان بارکردوە بەهۆی نەبوونی شوێن تا ئێستا خاڵی نەکراون، ئەو بارهەڵگرانە لە ئۆم قەسر وبەسرا و چەند پارێزگایەکی تری خوارووی عێراق هاتوون.
جەهوەر عەلی، قایمقامی قەزای دهۆک بەمیدیا زانی وت ‘بەدواداچوونمان بۆ بابەتەکە كردووە و دواتر پارێزگاری دهۆکمان ئاگادارکردوە تاکێشەکەیان چارەسەربکات، هێشتا بەشێک یان بارەکانیان خاڵی نەکراون، بەهۆی نەبوونی كۆگاوە’.
بارهەڵگرەکان ١١٥ دانەن، ئەوانەی سەروکاریان دەکەن دەڵێن زۆربەیان خاڵی کراونەتەوە، بەڵام هێشتا چەند دانەیەکیان ماون.
نیهاد حەسەن بەڕێوەبەری گۆگایەکانی بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان بەمیدیازانی ‘ بارهەڵگرەکان لەشاری ئوم قەسرو بەسرا هاتوون و بەشێکیان لە٥ی ئەم مانگەوە گەیشتوون و ئەوانی تریش دوو رۆژی دوایی، ئەوە پێنج رۆژە دەستمان بەخاڵیکردنی کردووە تەنیا ١٢ دانایان ماون’.
هۆکاری ئەم دواکەوتنە بەشێکی پەیوەندی بە قەدەغەکردنی هاتۆچووی بارهەڵگرەکانەوە هەبوو لەکاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی پارتی لەدهۆک، چونکە لەو رۆژانە هاتۆچووی بارهەڵگرەکان تەنیا لەکاتژمێر١١ی شەو تا ٧ی بەیانی بوو، ئەمە قسەی نیهاد حەسەنە.