رۆژی یەکشەممە
دهۆک 300 مین دەتەقێنێتەوە
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە رۆژی یەکشەممە تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە 300 مینی جۆراوجۆر لەناوببەن، بەوتەی بەڕێوەبەرایەتیی مین سەرجەمی ئەو تەقەمەنیانە هی سەردەمی حکومەتی بەعسن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ 29.3.2023 ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە.
رێگر بێسفکی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندی دەزگەی مین لە دهۆک، بە 964ی وت “ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگای دهۆک ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی زیاتر لە 500 مین، بەشی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی (EOD)، هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 300 مینمان گواستەوە شوێنی تایبەت بە تەقاندنەوەی مین لە پارێزگای دهۆک”.
بە وتەی رێگر بێسفکی ئەو ژمارە مینە هی سێ مانگی رابردووی ئەو پارێزگایەن، بەنیازن رۆژی یەکشەممە ئەو 300 مینە لەناو ببەن.
لە بارەی مێژووی دانانی ئەو تەقەمەنیانە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی مین لە پارێزگای دهۆک وتی “وا پێدەچێت هەموو ئەو تەقەمەنیانە هی سەردەمی رژێمی بەعس بووبن، جۆرەکانی بریتیبوون لە مینی دژە تانک، نارنجۆک، گولە هاوەن، گولە قازیفە، گولە ئاربێجی و رومانە”.
بە گوێرەی زانیاری 964 لە پارێزگای دهۆک 780 کێڵگەی مینڕیژکراو هەیە، لەو ژمارەیەدا تا ئێستا 399 کێڵگە پاککراونەتەوە.
پارێزگای دهۆک ژمارە 183ی دیاریی کردووە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان پەیوەندی بکەن ئەگەر هاتوو مەترسییەکی پەیوەندیدار بە مین و تەقەمەنی هەبوو.