پێنجشەممە لە هەموو قوتابخانەیەک

دوو وانە بۆ چالاکی ژینگەیی تەرخان دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و تەندروستیی وەزارەتی پەروەردە دەرچووە، رۆژی پێنجشەممە لە هەموو قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، بە حکومی و ئەهلییەوە، دوو وانە تەرخان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکی ژینگەیی، وەک هەڵمەتی نەمامچاندن و پاککردنەوەی قوتابخانەکان.

نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ 29.3.2023 دەرچووە، ئاراستەی هەریەکە لە پەروەردەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین و کەرکوک – خوێندنی کوردی کراوە.

لەسەر بنەمای ئەو نووسراوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، نووسراوی بۆ هەموو قوتابخانەکان دەرکردووە بە پەروەردەی مەخموریشەوە.

بە گوێرەی نووسراوەکە، رۆژی پێنجشەممە 30.3.2023 لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکرێتە رۆژی ژینگە، بە جۆرێک پێویستە هەموو قوتابخانەکان چالاکی ژینگەیی ئەنجام بدەن.

لە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر چالاکییەکان لە رۆژی ژینگەدا بریتیی دەبن لە هەڵمەتی پاککردنەوەی قوتابخانە و چاندنی نەمام، بۆ ئەمەش هەر قوتابخانەیەک دوو وانە بۆ ئەو چالاکییانە تەرخان دەکات.

لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە رۆژی 31.3.2023 وەک رۆژی ژینگەی پەروەردە دەناسرێت، بەڵام چونکە ئەو رۆژە دەکەوێتە هەینی، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە لە پێنجشەممەدا ئەو چالاکییە ئەنجام بدرێت.

نوسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

نوسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

نوسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و تەندروستی

نوسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و تەندروستی