زیاتر لە 10ساڵە چاوەرێی قیرتاوکردنن
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
گەرەکی ئەنفالان، یەکێکە لەو گەرەکانەی ناحیەی بەحرکە کە ماوەی 10 ساڵە چاوەڕانی قیرتاوکردنی شەقامەکانی دەکات.
گەڕەکەکە کاتی خۆی زەوییەکەی بە رووبەری 250 و 300 مەتری لەلایەن شارەوانی ناحیەی بەحرکە دابەشکرا، کۆی گشتی پارچە زەوییەکانی دەگاتە 600 پارچە زەوی و نزیکەی 1000 ماڵی تێدا نیشتەجێیە.
بێ هودەیی لە داواکردنی قیرتاوکردن، دانیشتووانەکەی ناچار کردووە هەر ماڵێک 100 دۆلاری ئەمەریکیان کۆکردەوە بۆ چەگڵ رێژکردنی کوچە و کۆڵانەکانی.
جەبار ستار، هاوڵاتیەکی ئەم گەرەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: زستان و باران کێشەی زۆری بۆ دروستکردووین جارێک لەسەر حسابی خۆمان هەر ماڵەی 100 دۆلارماندا و چەگل رێژمان کرد، بەڵام رزگاری نەکردین نە قوڕ و لیتەی زستان.
ئەو هاوڵاتییە وەک خۆی دەڵێت، لەبەر قوڕ و لیتە ناچار بووە پاس بۆ هاتوچۆی منداڵەکانی بگرێت ئەگەرچی “قوتابخانەکە زۆر لێمان دوور نییە، بەڵام لەبەر قوڕەکە ناچاربووین پاس بۆ منداڵانمان بگرین”.
لەسەر ئەو بابەتە، مەموند عەبدولوەهاب بەڕێوەبەری شارەوانی بەحرکە بە 964ی وت، شەقامێکمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی ببێتە شەقامی سەرەکی گەڕەکەکە و قیری بکەین، تاوەکو بەهۆیەوە شەقامەکانی دیکەش قیرتاو بکرێن.
زیاتر وتیشی “بە نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگامان ناردووە و خۆشبەختانە بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە کە قیرتاو بکرێت”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق