قایمقامی کفری:
منیش نازانم پارکی کفری بۆ داخراوە
964+
فەهمی نەبی
قەزای کفری تا ئێستا یەک پارکی هەیە، بەڵام دەرگاکەی داخراوە و بە وتەی قایمقامی ئەو قەزایە ئەوانیش نازانن هۆکاری دەرگا داخستنی چییە.
هاوڵاتیانی قەزای کفری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، هەڵمەتێکیان دەستپێکردوە بۆ کردنەوەی پارکە تاقانەکەی شارەکەیان، 964 بەدواداچوونی کرد بۆ هۆکاری داخستنی پارکەکە بە چەند ئەنجامێک گەیشت.
ئەو پارکە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو دروستکراوە، تا ئێستا وەک خۆیەتی و هیچ خزمەتگوزاریەکی نییە و دەرگاکەی داخراوە.
شەماڵ نامق، قایمقامی قەزای کفری، بۆ 964 وتی، “پێشوتر چەند جارێک درابوو بە موزایەدە، هەندێک یاری بۆ دانرا، بەڵام وەک پێویست نەبوو، ئەو پارکە هی ئەوە نییە خەڵک بچێت لەنێوی دابنیشێت و پشوو وەربگرێت”.
قایمقامی کفری ئەوەشی وت “دەیان جار پێشنیازی چاککردنیمان داوەتە ئیدارەی گەرمیان، بەڵام کەس گوێی پێنادات، کفری نەک هەر لەو بوارە بەڵکو لەهەموو بوارێک پشتگوێخراوە، تازە ئاسان نییە هیچی بۆ بکرێت”.
964 زانیویەتی لە چەند ساڵی رابردوو بەشێکی زەوی ئەو پارکە گرفتی لەسەر دروست بوو، چونکە موڵکایەتی بۆ بەشێک لە خەڵک دەگەڕایەوە.
شەماڵ نامیق، لەبارەی هۆکاری بنەڕەتی نەکردنەوەی پارکەکە دەڵێت: منیش هۆکاری نەکردنەوەی نازانم، ساڵێک پێش ئێستا کرابویەوە، بەڵام نازانم بۆچی ئێستا ناکرێتەوە.
قەزای کفری، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە و شەش ناحیەی هەیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی 40 بۆ 45 هەزار کەسە.