هێشتا عێراق دانیپێدا نەناوە

زانکۆی گەرمیان دەبێتە ئەندامی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

لەگەڵ ئەوەی هێشتا وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی دانیپێدا نەناوە، زانکۆی گەرمیان ئەندامبوونی لە رێکخراوی یونیمیدی نێودەوڵەتی پەسندکرا.

رێکخراوی یونیمید، رێکخراوى زانکۆ نێودەوڵەتییە ناوەندییەکانە و ئۆفیسی سەرەکی لە وڵاتى ئیتاڵیایە، رێکخراوێکی تایبەتە بە بوارى خوێندنى باڵا، تا ئێستا 127 زانکۆ لە 25 وڵات ئەندامی رێکخراوەکەن.

زانکۆی گەرمیان، ساڵی 2010 وەکو زانکۆیەکی سەربەخۆ لە ناوچەی گەرمیان دامەزراوە، خۆی لە ھەشت کۆلیژ لەگەڵ دوو بەشی سەربەخۆ دەبینێتەوە.

پێش زانکۆی گەرمیان، زانکۆکانی دھۆک، زاخۆ و پۆڵەتەکنیکی دھۆک ئەندامی ئەو رێکخراوەن.

لە کۆبوونەوەى ئەمجارەیدا رێکخراوی یونیمید بە ئەندامبوونى زانکۆى گەرمیانى پەسەند کرد، بەمەش دەرگا بە رووی چالاکی زانستی نێودەوڵەتی بەڕووی زانکۆی گەرمیان کرایەوە.

فەرھاد قادر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە 964 وت، بە ئەندامبوونمان لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە شایەتی ئەوەدەدات کە زانکۆکە لە ئاستێکی نێودەوڵەتی دایە، کەچی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هێشتا دانی بە زانکۆی گەرمیان نەناوە.

زیاتر وتیشی “بە ھۆکاری ئەوەی بینای سێ کۆلێژی زانکۆکە، دەکەوێتە قەزای خانەقین، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە بیانووی ئەوەی قەزای خانەقین ناوچەی جێناکۆکە و پرسیان پێنەکراوە بۆیە دانپێدانان نادەن بە زانکۆی گەرمیان”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق