بیره‌ئاوه‌كانى راپەڕین گورج و گۆڵ ده‌كرێنه‌وه‌ 

964+
ژێوار خدر – راپه‌ڕین

ئاوی ئیداره‌ى راپەڕین، پلانێکی بەردەوامی بۆ چاککردنەوە و چارەسەرکردنی كێشه‌وگرفتى بیره‌كانى ئاوی خواردنه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ئێستاش چه‌ندین ماتۆڕیان گۆڕیون و میكانیك و كاره‌بای ده‌یان بیریشیان چاككردووەته‌وه‌.

ئاسۆ ئیبراهیم، لێپرسراوی بەشی کاروباری بیرەکان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاوى راپه‌ڕین به‌ 964ـى راگەیاند، ئەوان رۆژانە چاودێری پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوەی دەڤەرەکە دەکەن و بەپێی سکاڵا و گرفتی هاوڵاتییانیش، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات “لەکاتی هەبوونی کێشە لە هەر یەکێک لە پڕۆژەکاندا دەستبەجێ دەگەنە شوێنەکە و چارەسەری گرفتەکان دەکەن”.
بەپێی ئەو ئامارەی کە 964 له‌ فەرمانگەی ئاوی راپەڕین ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌ ساڵى پاره‌وه‌ تا ئێستا، حەوت بیری ئاو خواردنەوە له‌سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین لێدراون، کە شەشیان لەلایەن خێرخوازانەوە بووە و تەنها یەک دانەیان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕینەوە بووە.

“له‌ ساڵى پاره‌وه‌ تا ئێستا، حەوت بیری ئاو خواردنەوە له‌سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین لێدراون، کە شەشیان لەلایەن خێرخوازانەوە بووە”

به‌ پێی ئه‌و ئامارانه‌ بۆ ئه‌مساڵیش 18 ماتۆڕی غەتاس بۆ هەریەک لە فەرمانگەکانی ئاوی حاجیاوا و چوارقوڕنە و رانیە و قەڵادزێ و سەنگەسەر و ئیسێوە، چاککراونەتەوە.

دابینکردنی 34 بۆڕی سێ ئینج بۆ هەر یەکێک لە فەرمانگەکانی ئاوی سەرکەپکان و چوارقوڕنە و رانیە ودابینکردنی 989 مەتر کێبڵی (4*16) ملیم و 350 مەتر (توس کێبڵی 90) ملیم.

دابینکردنی کارەبای بەردەوام و مۆلیدەی تایبەت بۆ  17 بیر لە رانیە و چوارقوڕنە و سەنگەسەر و ژاراوە و دانانی پۆستەر پەمپێک لە پڕۆژەی ئاوی قولە لە رانیە.

ئاسۆ ئیبراهیم ئەوەشی وت، ئەوان رۆژانە لەسەر خەتن و بەردەوام لە چاودێریدان و هەر کێشەیەک دروست بێت بەزووترین ماوە چارەسەری دەکەن.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن