داوای هاوکاری لە خێرخوازان دەکەن
سەنتەری گورچیلەی دەستکردی رانیە بێ دەرمانە
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
سەنتەری گورچیلەکەی رانیە لە نەبوونی دەرمان پەکی کەوتووە و هانا بۆ خێرخوازان دەبات، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکەش دەڵێت، پێنج مانگ زیاترە حەبی پڕۆگراف نەماوە.
سەنتەری گورچیلەی رانیە، تاکە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە کە چوار قەزا و چەندان ناحیە و گوندەکانی سنوورەکە رووی تێدەکەن کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سەرووی 500 هەزار کەس دەبێت.
لە سەنتەرەکە ساڵی 2022ـدا شوشتنەوەی گورچیلە بۆ 6007 کەس کراوە، ئەمەش بەراورد بە 2021 ژمارەکە رووی لە هەڵکشانە کە 5579 شوشتنەوەی گورچیلە لە سەنتەرەکە ئەنجامدرا بوو.
بەپیی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، لە ئێستادا 251 نەخۆش چارەسەر لە سەنتەرەکە وەردەگرن، هاوکات سەنتەرەکە مانگانە پێویستی بە 12 هەزار حەپی پڕۆگراف و 185 شروبی ساندیمۆن هەیە بۆ ئەو نەخۆشانەی گورچیلەیان چاندۆتەوە.
هاوکات پێش سەری ساڵ کۆمپانیایەک بە بەهای 600 ملیۆن دینار دەرمانی دابینکرد، تەنیا مابوو بگاتە نەخۆشخانەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست لە بانک، کۆمپانیاکە پەشیمان بووەوە و ئامادەش نەبوو بە قیست دەرمانەکە بە نەخۆشخانەکە بدات.
هاوژین فوئاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی سەنتەری گورچیلەی دەستکرد لە رانیە بە 964ـی وت، نزیکەی پێنج مانگ دەبێت حەپی جۆری پرۆگراف نەماوە، هەروەها شروبی ساندیمۆن ماوەی مانگێکە نەماوە، ئەم دوو دەرمانە دەبێت بدرێت بەو نەخۆشانەی گورچیلەیان بۆ چاندراوە.
دەشڵێت: لەئێستادا کێشەی ئەو دوو جۆرە دەرمانمان هەیە، داواشمان کردووە بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە لە بانک نەتوانراوە دەرمانەکە دابین بکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق