منداڵێکی دوو ساڵان بە فیشەک گیانی لەدەستدا
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە ماڵێکی گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی منداڵێکی دوو ساڵان بە فیشەك گیانی لەدەستدا و پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن.
خاڵۆی منداڵەکە بۆ 964ی باسکرد، کە بەپێی قسەی باوکی منداڵەکە، “کەس لە ژووری رووداوەکەدا نەبووە و منداڵەکە خۆی فیشەکی لەدەست دەرچووە”.
هاوکات، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی زەرگەتە تیمەکانی پۆلیس چوونەتە سەر رووداوێک، منداڵێک گیانی لەدەستداوە، بەپێی ئەوەی باس دەکرێت لەلایەن کەس و کارەکەیەوە “رووداوی لەدەستدەرچوونە”.
ئەوەی خستەڕوو، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوان بەردەوامە و لە ئێستادا پزیشکی داد سەرقاڵی پشکنینە بۆ ئەوەی بزانرێت فیشەکی لەدەستدەرچووە یاخود فیشەکی پێوەنراوە.
منداڵەکە تەمەنی نزیکەی دوو ساڵە
سەعید عەبدوڵا خاڵۆی منداڵەکە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە کاتی گەڕانەوەیان لە گۆڕستان باوکی منداڵەکە وتوویەتی، “کەس لەو ژوورە نەبووە کە مامی منداڵەکە دەمانچەکەی لەژێر سەرینەکەیدا بەجێھێشتووە، ئەوان لە ژوورەکەی دیکە نانیان خواردووە و لە پڕ گوێیان لە تەقە بووە”.
وتیشی، “کاتێک بینیویانە منداڵەکە خۆی فیشەکی لەدەستدەرچووە و بەخۆیەوە ناوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئایا منداڵێکی نزیک بە دوو ساڵان دەتوانێت پەلەپیتکەی چەکێک رابکێشێت؟ کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت وەڵامی بدەنەوە.
لە لایەکی دیکە، بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە زاری کەس و کاری منداڵەکەوە بڵاویانکردووەتەوە، گوایە منداڵێکی دیکەی شەش ساڵانیان لەگەڵ ئەو منداڵە دوو ساڵانە یارییان کردووە بە دەمانچەی مامی منداڵەکان، تاوەکو دواتر “فیشەک لە دەستی منداڵە شەش ساڵانەکە دەرچووە و بەر منداڵە دوو ساڵانەکە کەوتووە”.
ئەم چیرۆکە هێشتا قسە و باسی زیاتری لەبارەوە دەکرێت و 964 زانیاریی زیاتر بڵاودەکاتەوە.