یونیسێف دەڵێت پرۆژەی ئاوی پاکی دەربەندیخان تەواوبووە و کۆمپانیای جێبەجێکار رەتیدەکاتەوە
964+
فەهمی نەبی
رێکخراوی یونیسێف لە عێراق رایدەگەیەنێت، نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان کارەکانی تەواوبووە، بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری پاککردنەوەی ئاوی قەزاکە ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.
ئەو بەنداوە ئاوی خواردنەوە بۆ شەش قەزا لە سنووری سلێمانی و دیالە دابین دەکات.
بەپێی هەواڵەکەی رێکخراوی یونیسێف بێت، نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکە بە پاڵپشتی دارایی هەریەکە لە حکومەتی ئەڵمانیا لە رێگەی بانکی KFW، رێکخراوی یونیسێف و بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکە ئەنجامدراوە.
سینان خاڵس، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆهیتا بۆ پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان، بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت، تا ئێستا تەنیا %60ی پڕۆژەکە تەواو بووە، لە کۆی 20 ملیۆن دۆلاری پارەی تەرخانکراو تەنیا پێنج ملیۆن دۆلارمان وەرگرتووە.
سینان ئەوەش دەڵێت “ئەگەر ئێستا پارەمان پێبدەن تا شەش مانگی تر تەواوی دەکەین”.
پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان لەساڵی 2014ەوە دەستکراوە بە جێبەجێکردنی.
بەنداوی دەربەندیخان لە ساڵی 1955 دەستکراوە بە دروستکردنی و لە ساڵی 1961 تەواوکراوە، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.