ناوی تەخت بۆ هەورامان لە چییەوە هاتووە؟
هەر ژیان لە هەورامانی تەخت سەخت نییە، یاریکردنیش زەحمەتە
ئەمەل ناجی
هەورامان بە گشتی بە جوگرافیا سەختەکەی دەناسرێتەوە، کە خانووەکانی لەسەریەک و لە قەدپاڵی چیاکاندا دروستکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە هەورامان پێی دەوترێت هەورامانی تەخت، ئەم وشەی تەختە پەیوەندی بە جوگرافیاوە نییە، بەڵکو ناوەکە لە شوێنێکی دیکەوە هاتووە.
بە گوێرەی گێڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە، وشەی تەخت لە (تەخت و سانی- تەختی سان)ـەوە هاتووە، کە شاخێکە دەکەوێتە بەرانبەر شارۆچکەکە، بە واتای تەختی دووەمی ساسانیەکان، بەو مانایەی لەو شوێنەوە ساسانیەکان حوکمیان کردووە، ئێستاش هەورامانی تەخت بە پایتەختی ناوچەی هەورامان و شێوەزاری هەورامی دادەنرێت.
هەرچەندە ئێستا لە هەورامان، کەمتر گرنگی بە شێوەزای کەلتووری دەدرێت، بەڵام خانووەکانی هەورامانی تەخت هەر بە شێوازی قەدیم و لەسەر شێوازی بیناسازی هەورامان دروستدەکرێن، بە بەرد دیوارەکانی دروستدەکرێن، و سەقفەکەشیان هەر بە دار و خۆڵ دەگیرێت و تا ئێستاش ئەو سیما جوانەی جارانی هەر وەک خۆی ماوە.
هەر بە تەنیا خانووەکان نین کە شوێنەکانیان سەخت و زەحمەتی زۆریان دەوێت بۆ دروستکردن و گەیشتن پێیان، تەنانەت یاریگاکانی تۆپیپێش لە شوێنێکی ئەوەندە زەحمەتدا دروستکراوە، بۆ گەیشتن پێی دەبێ دەیان قادرمە ببڕیت و ئەگەر تۆپەکەش بکەوێتە خوارەوە چیتر دەستت پێی ناگاتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری