بەرهەمی ناوخۆ بەشی گوڵفرۆشانی هەرێمی کوردستان ناکات
ساڵانە ٢٠ ملیۆن نەمام، دار و گوڵی سروشتی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن
میدیازان – رێژوان مامە – سلێمانی
+ ڤیدیۆ
ساڵ بە ساڵ گوڵفرۆشان و نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان بازاڕیان باشتر دەبێت، ئێستا هێندە فرۆشیان زۆربووە ئەو گوڵ و دارانەی کە لە ناوخۆ بەرهەمدێن بەشی کڕیارەکانیان ناکات، ناچار لە دەرەوەش هاوردەی دەکەن.
حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە میدیازانی وت، بەرهەمی گوڵفرۆش و نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ تەنیا ٦ ملیۆن نەمام و گوڵ بووە.
لەکاتێکدا ئاستی هاوردەکردنی نەمام و گوڵی سروشتی بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمساڵ بە رێژەی ٪١٨ زیادیکردووە و ٢٠ ملیۆن دانە هاوردەکراوە.
گۆران تارق گەنجێکی شاری سلێمانیە کە دوکانێکی مەشتەلی هەیە و بۆ ماوەی حەوت ساڵە خەریکی فرۆشتنی گوڵ و دارە، ئەو دەڵێت فرۆشی زیدیکردووە، بەجۆرێت ئەگەر ساڵی رابردوو ١٠ هەزار نەمام و گوڵی فرۆشتبێت ئەمساڵ ١٢ هەزاری فرۆشتووە.
“هاوردەی گوڵی سروشتی بە رێژەیت ١٨٪ زیادی کردووە”
گۆران باس لەوە دەکات کە خەڵک زیاتر حەزی لە گوڵی ژوورەوەیە بە تایبەت ئێستا کە زۆربەی پڕۆژەکان شوقەن و باخیان نیە، زۆرترین خواستیش لەسەر گوڵی زامبیا، مەتات و دار چناری حەلەزۆنە.
لە هەرێمی کوردستان ٥٢ نەمامگەی بەرهەمهێنان هەن و گوڵ و نەمام بەرهەمدەهێنن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماری هاوردەکردنی نەمام و دار و گوڵ بەپێی ساڵەکان بەو جۆرە بووە: ساڵی 2013، چوار ملیۆن و 471 هەزار نەمام و دار و گوڵ. ساڵی 2014، پێنج ملیۆن و 563 هەزار. ساڵی 2015، چوار ملیۆن و 658 هەزار. ساڵی 2016، سێ ملیۆن و 221 هەزار. ساڵی 2017 سێ ملیۆن و 573 هەزار، ساڵی 2018، نۆ ملیۆن و 917 هەزار، ساڵی رابردوو پێنج ملیۆن و 62 هەزار نەمام و دار و گوڵ هاوردە کراوە.
گوڵ و نەمامە هاوردەکراوەکان بەزۆری لە وڵاتەکانی تورکیا و هۆڵەندا و ئێرانەوە دەگەن بە هەرێمی کوردستان.