21 كچه‌ وه‌رزشوانی هه‌ولێر خه‌ڵات كران

964+
مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر

لە رێوڕه‌سمێكدا 21 كچه‌ وه‌رزشوانی شاری هه‌ولێر له‌ لایه‌ن سه‌نته‌ری رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌رزشوانان خه‌ڵاتكران.

رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ هۆڵی چالاكیی قوتابخانەكان له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی موئه‌یه‌د مه‌غدید، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئۆڵمپیی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

بۆتان جه‌لال سه‌رۆكی سه‌نته‌ری رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌رزشوانان، له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، خۆیان به‌ وه‌رزشوانه‌ كچه‌كانی هه‌ولێر ده‌زانن، كه‌ ئه‌نجامی باش و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئاسایی به‌ده‌ستهێناوه‌.

وتیشی، “دیارییه‌كه‌ شتێكی ره‌مزییه‌، به‌ڵام پێمان باشوو به‌سه‌ریان بكه‌ینه‌وه‌ و رێزیان لێبگرین”.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا قه‌لغانی تایبه‌ت پێشكه‌ش به‌ 21 كچه‌ یاریزانی یارییه‌ جۆراوجۆره‌كان كرا، كه‌ له‌ یانه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرابوون.

دلڤین رەحمان، یاریزانی یانەی هەولێر بۆ تۆپی دەست، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ خه‌ڵاتكراوه‌كان، بە تۆڕی 964 وت: ” ئێمە دووەمی سەر خولی عێراق بووین، زۆر خۆشحالم بەو رێزلێنانە  پاڵپشتییه‌كی مەزنە بۆ كچانی وەرزشوان”.

هه‌روه‌ها ئیمان مەغدید، كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی كچانی تۆپی ده‌ستی عێراق بۆ تۆڕی 964 وتی، “جێگه‌ی دڵخۆشییە سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایه‌تیی وەرزشوانان ئێمه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و هیوادارین بایه‌خی زیاتر به‌ كچانی وه‌رزشوان بدرێت”.

سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایه‌تیی وەرزشوانان، سه‌نته‌رێكه‌ بایه‌خ به‌ پێشخستنی ئاستی وه‌رزشی و رۆشنبیری وه‌رزشوانان له‌ هه‌ولێر ده‌دات و شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ریش ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشیی خه‌ڵات كرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا