هێرشەکە یەکەم رۆژی جەژن بووە
سێنتکۆم: ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر کوەیت
هەژان هادی
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئێران دوێنێ بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر کویت و هێزە کوەیتییەکانیش بە سەرکەوتوویی شکستیان بە هێرشەکە هێناوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئێران یەکەم رۆژی جەژن کە دوێنێ بوو، مووشەکێکی بالیستی ئاڕاستەی کوەیت کردووە و هێزەکانی ئەو وڵاتەش بە سەرکەوتوویی رووبەڕووی هێرشەکە بوونەوە و نەیانهێشت ئامانجەکەی بپێکێت.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا لە ئێکس باسی لەوەکرد، پێنج کاتژمێر پێش ئاڕاستەکردنی ئەو مووشەکە، هێزە ئێرانییەکان بە یەکجار پێنج درۆنیان ئاڕاستەی گەرووی هورمز کردووە و بووەتە مەترسی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، بۆیە هەر پێنج درۆنەکەیان لە ئاسمان تەقاندووەتەوە و دواتریش هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی زەمینی تایبەت بە هەڵدانی درۆنی ئێرانی لە بەندەر عەباس.