"موزایەدەمان پێوە مەکەن و دامانبمەزرێنن"
مامۆستایانی خۆبەخش لە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک دەنگیان هەڵبڕی
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ژمارەیەک لە مامۆستایانی خۆبەخش لە بەردەم بینای پارێزگای کەرکوک گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن.
پەروین نەجات یەکێک لە مامۆستا ناڕازییەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەمڕۆ وەکوو نوێنەری مامۆستایانی هەر سێ نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان لە کەرکوک گردبووینەتەوە بۆ ئەوەی ناومان بخرێتە ناو ئەو حەوت هەزار پلە وەزیفیەی کە بڕیارە بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن”.
“هەفتەی رابردوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک واژووی لەسەر کرا، بەڵام تەنیا واژوو بەس نییە و دەبێت کاری جدی لەسەر بکرێت”، پەروین نەجات وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتی دامەزراندن لەکاتی هەڵبژاردندا موزایەدەی پێوە دەکرێت و هەزار و یەک بەڵێنیان پێدەدرێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن فەرامۆش دەکرێن و هیچ کەس و لایەنێک وەڵامیان ناداتەوە.
محەمەد عەلیش وەک بەشداربوویەکی دیکەی ناو گردبوونەوەکە دەڵێت، ژمارەی راستەقینەی ئەو مامۆستایانەی بەفەرمی و خۆبەخشانە لەناو قوتابخانەکانی کەرکوک وانە دەڵێنەوە، ناگاتە سێ هەزار کەس، بەڵام لەکاتی هەڵبژاردندا زیاد بووە و گەیشتووەتە حەوت بۆ هەشت هەزار مامۆستا، کە زۆربەیان بندیوار بوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری