دوای رووداوە سەختەکە رێگایان پێنادرێت بەناو شاردا بڕۆن
بەشێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە کەرکوک ناڕەزاییان دەربڕی و گردبوونەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەشێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکانی کەرکوک ناڕازین لەو بڕیارەی کە رێگەیان پێنادات لە رۆژدا بەناو شاردا بڕۆن و دەڵێن، دەبێ جیاوازی بکرێت لە نێوان بارهەڵگری گەورە و بچوک.
رۆژی یەکشەممە 26.4.2026 لە شەقامی دەروازە نزیک سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، میکسەرێک کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و خۆی بەچەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا، جگە لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی نزیکەی 30 هاوڵاتی، 36 ئۆتۆمبێلێش داغان بوون و زیانی ماددی زۆریان بەرکەوت.
دوای ئەو رووداوە، بە بڕیاری هاتوچۆی کەرکوک، چوونی بارهەڵگرەکان بۆ ناوشار لە کاتژمێر 7ـی بەیانی بۆ 12ـی شەو قەدەغە کرا، ئەمڕۆ بەشێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان گردبوونەوە، ئەوان دەلێن، “گەلابەکانی ئێمە 12 مەترین و بچوکترن لە میکسەر و بارهەڵگری گەورە، نابێ هەمووان بەیەک چاو سەیر بکرێن”.
ئیبراهیم حسێن وەک یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەو میکسەرەی کارەساتەکەی نایەوە، دوو پارچە بوو، کەلە و عەرەبانەی هەبوو، ئەوانەی ئێمە یەک پارچەن و فەرقیان زۆرە، ئیشی ئێمە لەناو شارە و کەرەستەی بیناسازی دەگوازینەوە، خەڵک و هاوڵاتیان نایەڵن دوای 12ـی شەو بە کوچە و کۆڵانەکانیاندا بڕۆین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری