نەوت و کانزاکانی گەرمیان
“غاز بە GPS دابەش دەکرێت”
میلاد جەلال – گەرمیان
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی غاز لە گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان سیستمێکی نوێی داهێناوە و بە چاودێریی GPS غاز بەسەر ماڵان دابەش دەکەن، داواش دەکەن خەڵک تۆزێک سەبریان هەبێت و دواتر ئەنجامەکەی دەبینن.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان یادگار فەتاح بە 964ی راگەیاند، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە سەرجەم خێزانەکان لە سیستمێکی پێشکەوتوو تۆمار دەکرێن، دواتر بەشێوەی یەکسان غاز بەسەر هەمووان دابەش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هاوڵاتیان کەمێک ئارام بگرن و دواتر ئەنجامەکەی دەبینن، چونکە بەپێی ئەو سیستمە کەس ناتوانێت مافی کەسی تر بخوات.
“ئەو کەسانەی تازە ھاوسەرگیریان کردووە و فۆرمی خۆراکیان نییە، ژمارەیەکمان داناوە لە رێگەی واتس ئەپەوە زانیاریەکانمان بۆ دەنێرن و ئێمەش کۆدێکیان بۆ دەکەین، پێویست ناکات خۆیان بێنە بەڕێوەبەرایەتیمان”، یادگار فەتاح وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەشی کە ماددەی 140يان کردووە، تۆماریان دەکەین و غاز بۆ ئەو خێزانانەش دابین دەکەین.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا