سلێمانی لە دەرەوەی بازنەیە

ئەمڕۆ بارانە و سبەی تەرزەیە

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە هەولێر و دهۆک باران دەبارێت و سبەیش تەرزە دەباریت، بەڵام لە سلێمانی دۆخەکە ئارامە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15.3.2023، بەشی كەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینی كەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە راگەیاند.

پێشبینیەكە بەمشێوەیەیە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لەدواى نیوەرۆ دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، سەرەتا بارانبارین لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەستپێ دەکات، پاشان لەکاتەکانی ئێوارەدا تەواوى ناوچە جیا جیاکانى هەرێم دەگرێتەوە و هەولێریش دەگرێتەوە.

بارانەکە سەرەتا نمە باران دەبێت و دواتر هەندێک کات بە لێزمە دەبێت و هەورە تریشقەشى لەگەڵدا دەبێت.

بۆ سبەی پێنجشەممە، بە قسەی کەشناسی بێت، لە کاتەکانی بەیانى زوودا ئاسمان هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارانبارین لە ناوچە جیا جیاکاندا دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما، ئەگەرى تەرزەبارین هەیە لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان.

هاوکات لەدواى نیوەڕۆ و ئێوارەدا بارانبارین کەم دەبێتەوە بەشێوەیەکى گشتی ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆرێت.

بە قسەی کەشناسی بێت، هەموو ئەوانەی روودەدەن سلێمانی ناگرێتەوە، بەو پێیەی لە ناوهێنانی شارەکاندا باسی سلێمانی هەر نەکراوە جگە لەوەی کە نووسراوە پلەی گەرما دەگاتە 16 پلە.