لەسەر بیرلێدان بە نا یاسایی چوار کەس دەستگیرکران
964+
فەرمان سادق
لەسەر لێدانی بیر بەشێوەیەکی نا یاسایی، پۆلیس چوار کەس لە قەزای سەیدسادق دەستگیر دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، چوار هاوڵاتیان لە سەیدسادق دەسـتگیرکراون لەسەر لێدانی بیر بە نا یاسایی.
لە راگەیەندراوەکەی پۆلیس و دارستان و ژینگەی سەیدسادق هاتووە، “سەرەڕای رێگریکردن و دەستگیرکردنی بەردەوامی سەرپێچیکاران لەلایەن مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکان، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە خەڵکی بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەردەوام بەشێوەی نا یاسایی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی سامانی ئاوی ژێر زەوی دەدەن”.
ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون خەڵکی گوندی گردەنازێی سنووری قەزای سەیدسادقن، هاوکات دوو ئامێری بیرهەڵکەندنیش دەستی بەسەردا گیراوە کە یەکێکیان رافیعەیەکی جێگیر بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: پەڕاوی لێکۆڵینەوە رێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.