شاندی كۆنیفا له‌ كوردستانن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

شاندی كۆنیفا بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شار و یاریگه‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌، گه‌یشتنه‌ كوردستان و له‌ دۆسیه‌ی كوردستان ده‌كۆڵنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14.3.2023 شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نوێ، ناسراو به‌ كۆنیفا، گه‌یشتنه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ لایه‌ن سه‌رۆك و سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان پێشوازی كران.

شانده‌كه‌ له‌ سەرۆکی کۆنیفا ( پێر ئەندرێس بلیند)ـی سوێدی و هەردوو جێگرەکەی ( کریستۆڤ ڤێنیزیڵه‌)ی هەنگاری و ( دیمیتری پاگاڤا)ـی روسی پێكهاتوون.

راگه‌یاندنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ سه‌ردانی سلێمانییان كرد و له‌ لایه‌ن قائیمقام و به‌رپرسانی دیكه‌ی شاره‌كه‌ پێشوازیی كران.

هه‌رێمی كوردستان دۆسیه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ میوانداریكردنی جامی جیهانیی هه‌رێمه‌كان بۆ ساڵی 2024 و شانده‌كه‌ش بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی  یاریگه‌ و هوتێل و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هاتوون و له‌ ناوه‌ڕۆكی دۆسیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كۆڵنه‌وه‌.

هه‌رێمی كوردستان پێشتر له‌ 2012 میوانداریی جامی ڤیڤای بۆ هه‌رێمه‌كان كرد و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان نازناوه‌كه‌ی برده‌وه‌.