"حکومەت کەمتەرخەمە"

پیرە خانووەکەی ئەحمەد بەگ لە کۆیە لێی داڕماوە

964+

دەریا ئەحمەد – کۆیە

یەکێک لە هەرە کۆنترین خانووەکانی کۆیە کە خانوی ئەحمەد بەگە لە شارەکە کە تەمەنی نزیکەی 130 ساڵە بەشێکی لێ داڕماوە و مەترسی داڕمانی تەواوەتی لێدەکرێت.

بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری کۆیەش دەڵێ، بەشێک لە خانوە کەلەپورییەکان بەهۆی نۆژەن نەکردنەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە و حکومەت کەمتەرخەمە بۆ پاراستنیان وەک بەشێک لە کەلەپووری شارەکە.

یەکێتی واحید بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەوار و کەلەپوری کۆیە بە 964ـی وت، ئەم خانوە تەمەنی نزیکەی 130 ساڵە و بەشێوەیەکی ئەندازیاری و تایبەتی دیزاین و نەخشێراوە و یەکێکە لەهەرە خانوە کەلەپورییە تایبەتەکانی کۆیە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بەشێکی لێ داڕماوە و مەترسی ئەوەشی هەیە زیاتری لێ بڕوخێ.

ئەم خانوە لای ئێمە لە لیستی خانوە کەلەپوریەکان تۆمارکراوە بەڵام نەمانتوانیووە خۆماڵەی بکەین و موڵکداریەکەی کەسیە، لەگەڵ ئەوەش دا چەندجارێک دەرخستەمان بۆ کردووە تا نۆژەنی بکەینەوە بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە.، یەکێتی واحید وتی.

وەک باسی کرد، لە رابردوو هۆشدارییان داوە بە خەڵک کە بەشێک لە خانوە کەلەپورییەکانی کۆیە مەترسی روخانیان لەسەرە و هۆشداریمان داوە کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات بەهۆی ئەوەی لە شوێنی ژیانکردن و هاتوچۆی خەڵک دان، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم لە گرنگی دان بە شوێنەوار و کەلەپور بە گشتی لە کوردستان و بە تایبەتیش بۆ کۆیە کەمتەرخەمە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لۆفەکانی هەواوان لەنێوان کۆیە و دوکان تەخت دەکرێ

لۆفەکانی هەواوان لەنێوان کۆیە و دوکان تەخت دەکرێ