"ئاو خێر و بەرەکەتی هێناوە"
بارانی ئەمساڵ بووەتە رەحمەت بۆ بەلەمەوانەکانی دەربەندی رانیە
964+
فەرمان مەلا حەسەن – راپەڕین
بارانی ئەمساڵ رەحمەتی لەگەڵ خۆی هێنا و ئاستی ئاوی دەربەندی رانیەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەروارد بە ساڵی رابردوو بەرز کردووەتەوە و ئەمەش وایکردووە ناوچەکە پڕ بێت لە گەشتیار و بازاڕی بەلەمەوانەکانیشی گەرم کردووە، چونکە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەم بارانی و دابەزینی ئاستی ئاو هیچ بەلەمێک کاری نەکرد.
حاجی ئەحمەد یەکێک لە بەلەمەوانەکانی دەربەندە بە 964ـی وت، “دەمێکە وتراوە ئاو و ئاوەدانی، ئەمساڵ ئاو خێروبەرەکەتی هێناوە و سەرجەم بەلەمەوانەکان گەڕاونەتەوە نێو ئاوی زێی بچووک و رۆژانە کاردەکەین و دەمانەوێت تۆڵەی ساڵی رابردوو بکەینەوە، چونکە هیچمان کارمان نەکرد.”
وتیشی: “نرخی گەشتەکانمان بە 10000 دینارە و ئەوانەشی پارەیان پێنەبێت چاومان لێیان دەبێت و بێبەرامبەر گەشتییان بەناو ئاوەکەدا پێدەکەین.”
پێداچوونەوە: ژێوار خدر