"ئاسایش لە بەرامبەر ئابووری"
لەسەر مێزی گفتوگۆ كام پێشنیاری ئێران بۆ ئەمریكا هێڵی سوور دەبێت؟
964+
فەرهاد حەسەن
دوای 39 رۆژ لە هێرش و پەلاماردان و وەڵامدانەوەكان، پاكستان هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكی لەسەر مێزی گفتوگۆكردن لە ئیسلام ئاباد كۆدەكاتەوە.
ئەگەر باسی لایەنی ئەمریكی بكەین، لەماوەی ئەو 39 رۆژەدا، نەیتوانی رژێمی ئێران بڕوخێنێت یاخود بیگۆڕێت، نەیتوانی بەرنامە مووشەکییەکەی رابگرێت، نەشیتوانی دەست بەسەر یۆرانیۆمەکەیدا بگرێت و تۆڕی هاوپەیمانانیشی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەبەرامبەردا ئێرانیش زیانی زۆری مادی و گیانی بەركەوت 90% ـی سەركردە پلە یەك و دووەكانی لەدەستدا، سەرەتا سەقفی داواکارییەکانی لەبەرامبەر ئەمریكا بەرزکردەوە و پاشان هێنایە خوارەوە، ئاگربەستی رەتکردەوە و پاشان قبوڵی کرد، هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی کرد و بەجۆرێك لە جۆرەكان كردی، ئێستاش بەهۆی ئەم ئاگربەستەوە پێویستە بیكاتەوە.
ئێستا، دوو لایەنی سەرنەكەوتوو لە جەنگەكە، لەسەر مێزی دانوساندن گفتوگۆ دەكەن، ئەمریكا لە ئامانجە گەورە و سەرەکییەکانی خۆی شکستی هێناوە و ئێرانیش لە ئامانجە کاتییەکانی خۆی پاشەکشەی کردووە.
بابچینە سەر پێشنیازە ١٠ خاڵییەکەی ئێران بۆ راگرتنی جەنگ، كامیان بەلای ئەمریكا مەحاڵ و هێڵی سوورن و كامەشیان گونجاون و ئەگەری جێبەجێكردنیان هەیە.
با لە خاڵە مەحاڵەکان دەستپێبكەین..
پاراستنی “میحوەری مقاوەمە”:
ئیدارەی ترەمپ مەحاڵە پارێزبەندیی تەواو بداتە گروپەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ناو عێراق و لوبنان، چونکە ئەمە راستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و ئەمەش هێڵێکی سوورە بۆ هەر ئیدارەیەکی ئەمریکا.
کۆنترۆڵی رەهای تەنگەی هورمز:
مەحاڵە ئەمریکا لە رووی یاسایی یان سەربازییەوە رێگە بدات ئێران بە تەنیا بڕیار لەسەر ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە بدات کە ٢٠٪ی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵكو ئەوەی بیری لێكردووەتەوە وەكو چارەسەری جێگرەوە، دروستکردنی سندوقێکی نێودەوڵەتییە بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆ کە ئێران لەژێر ناوی “خزمەتگوزاریی ژینگەیی و دەریایی” پشکی تێدا هەبێت.
کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە ناوچەکە:
کشانەوە لە بنکەکانی وەک “عودەید” لە قەتەر یان “کەشتیگەلی پێنجەم” لە بەحرەین بەلای ئەمریكاوە مەحاڵە، چونکە بە واتای چۆڵکردنی ناوچەکە دێت بۆ هەژموونی چین و رووسیا.
سەبارەت بەو خاڵانەش كە جێگەی گفتوگۆكردنن و دەكرێت قبوڵبكرێن..
مافی پیتاندنی یۆرانیۆم:
رەنگە واشنتۆن دان بە مافی پیتاندندا بنێت بەڵام بە رێژەیەکی کەم ئەویش 5% و لەژێر چاودێرییەکی زۆر تونددا.
لادانی هەموو سزاکان:
مەحاڵە هەموو سزاکان بەیەکجار لەسەر ئێران لاببرێن. ئەوەی روودەدات لادانی سزاکانی سەر نەوت و بانکی ناوەندییە بۆ جوڵاندنی ئابووری، بەڵام سزاکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و تێرۆر دەمێننەوە وەک ئامرازێکی فشار بۆ داهاتوو بەكاردەهێنێت.
خاڵە گونجاوەکان، ئەوانەی بەبێ كێشە بۆ ئێران جێبەجێدەکرێن
ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکان:
ئەمە ئاسانترین خاڵە کە ترەمپ دەتوانێت وەک نیشانەیەک بۆ “نیازپاکی” ئەنجامی بدات بەبێ ئەوەی تێچوویەکی سیاسیی زۆری بۆ ناوخۆی ئەمریکا هەبێت.
پابەندبوون بە پەرەنەدان بە چەکی ئەتۆمی:
ئەمە ئامانجە سەرەکییەکەی واشنتۆنە، ئێران ئامادەیە بە زارەکی و لە ڕێگەی چاودێرییەوە ئەم پابەندییە بدات لە بەرامبەر مانەوەی رژێمەکەی و لادانی سزاکان، كە ئەم خاڵەش وەک “سەرکەوتن” بۆ ترەمپ لەبەردەم گەلی ئەمریکا دەردەکەوێت.
بەكورتی، دیدگای ئەمریكا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران، لەسەر بنەمای “ئاسایش لە بەرامبەر ئابووری” داڕێژراوە، دەیەوێت گەرەنتیی هەناردەی نەوت بکات و رێگریش لە ماندووبوونی زیاتری سەربازەكانی بکات، بێ ئەوەی هاوسەنگی هێزیش لە ناوچەکەدا بە تەواوی بگۆڕێت.
ساڵانێکی زۆرە لە جیهاندا، هێز بە دوو شت دەپێورێت، ئابوورییەکی زەبەلاح و سوپایەکی بەهێزتر، بەڵام ئەوەی لەم جەنگە 39 رۆژییەدا روویدا پێمان دەڵێت کە ئەم پێناسەیە ئیتر بەس نییە و بە تەنیا شایەتی دەرکەوتنی هێزێک نین، بەڵکو دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی هێز؛ ئەویش ئەو هێزەیە کە “سەرکەوتن بۆ نەیارەکەی دەكاتە مەحاڵ”.