بە تەلەفۆن قسەیان کرد

سودانی بۆ ماکرۆن: بکەرانی کوشتنی سەربازە فەڕەنسییەکە دەستگیرکراون

964+
ئەحمەد مستەفا

سودانی بە تەلەفۆن بە ماکرۆنی وتووە، هێزە ئەمنییەکان ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر سەربازە فەڕەنسییەکان لە نزیک هەولێر.
رۆژی 13.3.2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، لە هێرشێکی درۆنیدا سەربازێکی فەڕەنسی لە هەرێمى کوردستان کوژراوە، پێشتر، گروپى “ئەسحابولکەهف” کە بەشێکە لە مقاوەمەی ئیسلامی، هۆشداری دابوو بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسا لە ناوچەکە ئامانجى هێرشەکانیانن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8.4.2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێگەیشتووە.

نوسینگەی سودانی دەڵێ، هەروەها هەردوولا تاوتوێی ئەو هێرشە دڵتەزێنانەی ئەمڕۆیان کرد کە لە لوبنان رویداوە، کاردانەوەیەکانیان لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کردووە، وە جەختیان لەسەر پێویستی کارکردن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان کردووەتەوە.

وە دەشڵێ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سەرکەوتوبوون لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە هەڵدانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە شوێنێکی لە نزیک هەولێر کردووەتە، ئامانج ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تێیدا ئامادەبوون، وە هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی فەرەنسی.

ماکرۆن ستایشی هەوڵی عێراقی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ناوچەکە و پیرۆزبایی لە سودانی کردووە، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ یاری کۆتایی مۆندیال، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕیوە بە یاری داهاتووی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و فەرەنسا، کە لە هەمان کۆمەڵەدا راکێشران.