یەکێک لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە کاتی گەشتکردن _ وێنە: هێڵی ئاسمانی عێراقی
لە هەینییەوە دەستپێدەکات
خشتەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بڵاوکرایەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
هێڵی ئاسمانی عێراقی، وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی راگەیاند، کە لە چوارچێوەی پلانێکی قۆناغبەندی کە لە 10ی نیسانەوە دەستپێدەکات، داواش لە سەرنشینەکان دەکات لە رێگەی ئۆفیسە فەرمییەکانیەوە حجزکردنی گەشتەکانیان پشتڕاست بکەنەوە.
ئەمشەو 8.4.2026، ئیدارەی گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی راگەیاند، کە لە 10.4.2026 دەستپێدەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەی بۆ رێکخستنەوەی هاتوچۆی ئاسمانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەردەستکردنی گەشتکردن لە فڕۆکەکانیدا دوای تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، ئەندازیار موناف عەبدولمونیم روونیکردەوە، قۆناغی یەکەمی پلانەکە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی گەشتە ناوخۆییەکان کە بەغدای پایتەخت بە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و بەسرە دەبەستێتەوە، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ دانانی خشتەی ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی بۆ شوێنە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ئەستەنبوڵ، قاهیرە و عەممان.
دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە چوارچێوەی دیدگایەکی کارگێڕیدایە کە بە باشی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و ئامانج لێی گەڕاندنەوەی وردە وردە و سەلامەتی چالاکییەکانی هێڵی ئاسمانییە، مەناف وای وت، هەروەک ئاماژەی بەوەکرد، بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کوالیتی بەرز بۆ سەرنشینەکان بەپێی بەرزترین ستانداردی سەلامەتی و کوالێتی، لە هەمان کاتدا لە نزیکەوە چاودێری هەموو پێشهاتەکانی دەوروبەری دەکات.