جیهان دەبێت دوو هەفتەی دیکە چاوەڕێ بکات
ئاگربەستی چلە؛ هەردوو لایەنی شەڕ خۆیان بەبراوە دەزانن
964+
شۆڕش قادری
لە چلەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران ئاگربەست راگەیەنرا، لایەنەکانی شەڕ هەر یەکێکیان خۆی بە براوە دەزانێت و جیهانیش چاوەڕێیە لە دوو هەفتەی داهاتوودا چی روودەدات و دانوستانەکانی رۆژی هەینی لە پاکستان چی لێ سەوز دەبێت.
چەند خولەکێک دوای کاتژمێر 1ـی بەربەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.4.2026 و کاتێک کەمتر لە دوو کاتژمێری مابوو بۆ کۆتاییهاتنی وادەکەی ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشنیارێکی 10 خاڵی ئێرانییەکانی لەلایەن پاکستانەوە پێگەیشتووە، ئەویش رازیبووە پێی و بڕیاریداوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان رابگرێت، بڕیاریشە هەینی داهاتوو هەردوو شاندی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پاکستان کۆببنەوە.
دوای قسەکانی ترەمپ هەرزوو ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەرکەوتنی راگەیاند و وتی، ئەمریکامان ناچار کردووە مەرجەکانمان قبوڵ بکات کە یەکێکیان هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانیەتی.
لە بەرامبەردا ئەمریکا دەڵێت، هیچ وانییە و ئێمە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، چونکە ئۆپەراسیۆنەکانمان ئامانجەکانیان بەدیهێناوە و ئێران ناچار کرا گەرووی هۆرموز بکاتەوە.
بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە هەر سێ لایەنی شەڕەکە واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران هیلاک بوون، بۆیە دەیانهەوێ لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا خۆیان رێکبخەنەوە، بەشێکی دیکەشیان پێیانوایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ بە یەکجارەکی و چیدی ئەو وڵاتانە پێکهەڵناپڕژێنەوە.