"جێی مەترسی نییە"

روونکردنەوە لەسەر لێڵی و پیسبوونی ئاوی شارەزوور دەدرێت

964+

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەڕێوبەری ئاوی دەورووبەری سلێمانی روونکردنەوە لەسەر لێڵی و پیسبوونی ئاوی شارەزوور دەدات و دەڵێت، جێی مەترسی نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5.4.2026 و دوای 15 رۆژ لەشکانی بۆری ئاوی سەرەکی شارەزوور، هاوڵاتیانی ئەو دەڤەرە ئاویان بۆ بەردرایەوە بەڵام لە بەشێک لە گەڕەکەکان ئاوەکە لێڵ و پیس بوو.

میران ئەسعد هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارەزوور قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، “ئاوی گەڕەکەکەی ئێمە جگە لەوەی لێڵ بوو، چەند شتێکیش لەناویدا هەبوو، بۆیە بەناچاری ئاوەکەم کردە بەرمیلەکانەوە و ناوێرین بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنین چونکە بەهۆی شکانی بۆرییەکە لەناو چەمی تانجەرۆ، گوماندەکەین ئاوی تانجەرۆی تێچوبێت و تووشی نەخۆشی ببین”.

بۆ ئەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ شیروان جەمال بەڕێوەبەری ئاو دەورووبەری سلێمانی کرد، ئەو وتی، “لەدواین قۆناغی چاکردنەوەی بۆرییەکاندا، ناویان پاککراوەتەوە و دواتر لەحیم کراون، پاش ئەوە پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتیانی شارەزووردا دەستیپێکرد”.

“ئەوەی کە دەوترێت لە بەشێک ماڵەکان ئاوەکە لێڵ بووە، شتێکی ئاساییە و بەهۆی بارانبارینەوە ئاوی کانیاو و چەمەکان لێڵ دەبن، هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هیچ مەترسییەک نییە”، شیروان جەمال وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبەینێ لیژنەیەک دەنێرن بۆ وەرگرتنی نمونەی ئاو لە شارەزوور  و پشکنیی بۆ دەکەن، ئەگەر ئاوەکە هەر لێڵ و پیس بوو، ئەوا پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو رادەگرن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

شارەزوور: ئاوی بیر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لێڵ بووە

شارەزوور: ئاوی بیر لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لێڵ بووە