کۆکردنەوەی داهات لەناو ئاگردا!
چ نهێنییەکی شاراوە لە پشت داخستنی تەنگەی هورمزەوە هەیە؟
964+
فەرهاد حەسەن
هەموولایەک دەزانین، تاران بڕیاری داخستنی تەنگەی هورمزی دا، ئێرانییەکانیش لەئاستی جیاوازەوە وتیان لەمەودوا ئەوانەی دۆستمانن کەشتییەکانیان بەبێ کێشە بەڕێدەکرێن، بەڵام بۆ نەیارەکانمان نەخێر، ئەوە روونادات، جا ئایا ئەوەی لە هورمز روودەدات، تەنیا پەرەسەندنێکی سەربازییە، یاخود نهێنی شاراوەی لە پشتەوەیە؟
بێگومان ئێران نایەوێت داخستنی تەنگەی هورمز ببێتە شتێکی هەمیشەیی و بەوهۆیەوە جوڵەیەکی بەرفراوانی بازرگانی جیهانی بەدەستی خۆی پەکبخات بەڵکو دەیەوێت لەپەنای ئەم داخستنە، گەورەترین کۆشکی کۆکردنەوەی داهات لەو شوێنە دروستبکات، کە دەبێتە گەورەترین پڕۆسەی “سەرانە وەرگرتنی شەرعی”ی لە مێژوودا.
ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ئێران دەستیکردووە بە سەپاندنی کرێی ترانزێت و رسومات لەسەر هەندێک کەشتی بازرگانی کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، بەڵام دەشڵێت ئەم پارانەی ئێران وەریدەگرێت بە شێوەیەکی ناڕێک داوای دەکات.
ئەم ماڵپەڕە جیهانییە لە خۆیەوە قسەی نەکردووە، بەڵکو دوای ئەوەی کە پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای سەپاندنی رسوماتی لە کاتی تێپەڕین بە تەنگەی هورمزەوە پەسەندکرد.
محەممەد رەزا رەزایی، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت، ئامانجی پڕۆژەیاساکە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ سەروەری ئێرانە، عەلائەدین بۆروجێردیش، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانە دەڵێت، “بە هەر هۆکارێک بێت” ئێران نرخی رسومات تاوەکو دوو ملیۆن دۆلار بەسەر هەندێک کەشتیدا دەسەپێنێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن.
هەر ئەوەش نا، بەڵکو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەسەر ئەم بابەتە وەڵامی ئەو لایەنانەی دایەوە کە رەخنەیان لەو بڕیارەی ئێران گرتووە، وتی وڵاتانی جیهان بە شێوەیەکی رۆتینی باجێکی زۆریان بەسەر رێڕەوی ئاوی گرنگدا سەپاندووە، ئەی بۆچی ئێمە نەیکەین..؟
نموونەی هێنایەوە:
ولاتی میسر لە نێوان 200 بۆ 700 هەزار دۆلار لەهەر کەشتییەک وەردەگرێت کە بە کەناڵی سوێسدا تێدەپەڕیت.
پەنەما لە نێوان 100 بۆ 450 هەزار دۆلار بۆ هەر کەشتییەک وەردەگرێت کە بە کەناڵەکەیدا تێدەپەڕن.
لە تورکیاش تێپەڕین بەناو تەنگەی (بۆسفۆر) پارە وەردەگیرێت.
هەردوو وڵاتی کەنەدا و ئەمریکاش بەدرێژایی دەریای (سانت لۆڕێنس) پارە بۆ تێپەرینی کەشتییەکان وەردەگرن.
کەواتە تەنگەی هورمز بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە گرانترین بازگەی جیهان، ئێرانیش لەو رێگەیەوە داهاتێکی زۆر بۆ وڵاتەکەی کۆدەکاتەوە.
هەروەکو سەرچاوە ئابوورییە جیهانییەکان دەڵێن، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵاوتەکان بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت، کە دەکاتە 20٪ی بەکارهێنانی وزەی جیهانی.
جا ئەگەر وای دابنێین کە ئێران تەنیا پێنج دۆلار وەکو “باجی ئەمنی” بخاتە سەر هەر بەرمیلێک نەوت کە بە هورمزدا تێدەپەڕیت، ئەوا داهاتەکەی ساڵانە 36 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
ئەگەر رسوماتی پاراستنی کەشتییەکانی غازی شل و کۆنتێنەرە بازرگانییەکانیشی بخەیتەسەر، ئەوا داهاتەکە دەگاتە 50 ملیار دۆلاری “کاش” کە ساڵانە دەچێتە خەزێنەی تارانەوە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ نەوتی زیادەی خۆی بفرۆشێت، بەڵام نرخی نەوتیش لە جیهاندا بەرزدەکاتەوە.
بێگومان ئێران ئەمە ناونانێت “سەرانە و خاوە وەرگرتن”، چونکە پەرلەمانەکەی پڕۆژە یاسای تایبەتی بۆ پەسەند کردووە و ئەویش لەژێر ناوی “پڕۆتۆکۆڵی پاراستنی ئەمنی و ژینگەیی” ئەنجامی دەدات، بە بیانووی گەرەنتیکردنی ئەوەی کە کەشتییەکان بەسەلامەتی بە ناوچەکەدا بڕۆن و نەکرێنە ئامانج.
کەواتە، ئەگەر ئەمە رووبدات، جیهان دەکەوێتە بەردەم دوو بژاردە
یان ئەوەتا وڵاتان بۆ رزگارکردنی ئابوورییەکەیان، بەبێدەنگی باجی تێپەڕینیان بە تەنگەی هورمز دەدەنە ئێران، وەکو ئەوەی لەزۆرێک لە تەنگە ئاوییەکان ئەمە روودەدات، یاخود بەرەو جەنگێکی جیهانی بێئامان و گشتگیر دەچین بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆ و خنکاندنە ئابوورییە، کە بێگومان باجدەری سەرەکییەکەش هاوڵاتییە ئاساییەکەیە!