گورزی یەکلاکەرەوە یاخود بڕیاری کشانەوە؟
لەنێوان ئێران و ئەمریكا كامەیان دەیەوێت جەنگەكەی ئێستا بوەستێت؟
964+
فەرهاد حەسەن
سروشتی عەقڵییەتی سیاسی و جۆری دەسەڵات لە نێوان ئێران و ئەمریکا زۆر جیاوازە، بەتایبەتیش بۆ ئەو جەنگەی ئێستا و چۆنیەتی كۆتایی پێهێنانی، بابزانین كامەیان پەلەیەتی جەنگەكە رابگیرێت و كامەشیان لە درێژەكێشانی جەنگەكە تەقەی سەری دێت.
یەكەمیان لایەنی ئەمریكی:
هەموو ئاڕاستەكان بۆ ئەوە دەچن كە سەبر و ئارامگرتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هاتنی جەنگەكە، کۆتایی هاتبێت، چونکە لێدوانەکانی ئەمدواییەی نەبرەی “داخستنی مەلەفەکە”یان پێوە دیارە، نەک پەرەسەندن، چونكە ئەو دەڵێت: “ئەوەی ویستمان بەدەستمان هێنا”، یاخود دەلێت “نابێت بۆ هەمیشە لەوێ بمێنینەوە”. بەڵام ئەم قسە و راگەیاندنانە سەرکەوتن نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ کشانەوە لە جەنگەكە، بە شێوەیەک کە وەک سەرکەوتن دەربکەوێت.
دۆخی ئەمریكا باش نییە بۆ درێژەكێشانی جەنگی ئێستای لەگەڵ ئێران، چونكە لەناوخۆی ئەم وڵاتە فشاری هەڵبژاردن سەریهەڵداوە، ترەمپ ئێستا لە خولی هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەرێكە كە درێژەكێشانی جەنگەكە، لە بڕیارێکی سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ “بارگرانییەکی سیاسی”.
مێژووی ئەمریکاٍ، نیشانی داوە کە گەلی ئەمریکا حەزی بە جەنگە بێکۆتاییەکان نییە، لە جەنگەكانی ڤێتنامەوە بگرە تاوەكو دەگاتە ئەفغانستان، هەمان شێواز دووبارە دەبێتەوە، كە دەستپێکێکی بەهێز و باڵادەستیی سەربازی لە جەنگەكان، بەڵام دواتر ماندووبوونی سیاسیی ناوخۆیی بەدواداهاتووە، چونكە لەناوخۆی ئەمریكا پرسیاری جۆروجۆر بۆ ئەم جەنگانە دروستبووە، لەوانەِش “بۆچی ئەمریكا لەو وڵاتانە لەجەنگدایە؟ ئەی تێچووەکەی چەندە و کێش سوودمەندە؟”
لە سیاسەتی ئەمریکادا یاسایەکی نەنووسراو هەیە دەڵێت “دەتوانیت جەنگ دەستپێبکەیت، بەڵام ناتوانیت بۆ ماوەیەکی درێژ تێیدا بمێنیتەوە بەبێ هەبوونی پاساوێکی هەمیشەیی”.
دووەمیان لایەنی ئێرانی:
لەناو ئێراندا كە سوپای پاسداران باڵادەستی یەكەمی وڵاتە، پێچەوانەی ناوخۆی ئەمریكا هیچ فشارێکی هەڵبژاردنی کتوپڕیان لەسەر نییە، بۆئەوەی پەلەیان بێت بۆ راگرتنی جەنگ، بەڵكو گوتاری ئێرانی جەخت لەسەر “ئارامیی ستراتیژی” و “بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوە” و “وەڵامدانەوە لە کاتی گونجاو”دا دەکاتەوە، کە ئەم ستراتیژەش لەسەر ئەو بنەمایەیە کە دەڵێت “رەنگە نەیارە بەهێزەکە لە مەیدانی جەنگدا شکست نەهێنێت، بەڵام لەوانەیە لە رووی سیاسییەوە ناچار بێت بکشێتەوە”.
ئێران، ئەزموونی جەنگێكی هەشت ساڵەی لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئەوەی روون و ئاشكراشە ئێران تەسلیمی ئەو جەنگە نەبوو، تا ئەوکاتەی ئیمام خومەینی ناچار بوو ئاگربەست قبوڵ بکات، هەموو ئێران لەگەل درێژەكێشان و بەردەوامی جەنگەكە دابوون، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات كە ئێران بۆ بەرگەگرتنی فشاری درێژخایەن دروستکراوە.
كەواتە، ئەمریکا هەرچەندە لە رووی سەربازییەوە زۆر بەهێزە، بەڵام لە ناوخۆوە بە سیاسەت، میدیا و هەڵبژاردن کۆت و بەند کراوە، بۆیە رەنگە ئەمریکا لە مەیدانەکەدا شکست نەهێنێت، بەڵام بژاردەی کشانەوە هەڵبژێرێت.
لایەنی ئێرانیش، رەنگە سەرکەوتنی سەربازیی روون بەدەست نەهێنێت، بەڵام تەنها “مانەوەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا” بە سەرکەوتن دادەنێت.
پرسیاری کۆتایی ئەوەیە:
ئایا ئەم جەنگە بە گورزێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی دێت، یاخود بە بڕیارێکی کشانەوە؟