بۆردوومانکردنى کامپى ئازادى لە کۆیە
دەزگاى ئاسایش:
لە 48 کاتژمێردا؛ 13 هێرشى درۆنى سلێمانى و کۆیەى بە ئامانج گرتووە
964+
وریا فەتاح
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی، ئاماری وردی هێرشە درۆنییەکانی دوو رۆژی رابردووی ئاشکرا کرد، کە چەند ناوچەیەکی جیاوازیان کردووەتە ئامانج، بەڵام بە گوتەی ئاسایش هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
بەپێى ئامارەکانى دەزگاى ئاسایش، رۆژى هەینى 3.4.2026، هێرشەکان تەنیا بۆ سەر شاری کۆیە و کەمپی پەنابەران بوون، یەکەم درۆن کاتژمێر 3:45 خولەکی دوای نیوەڕۆ و دواتر 7 درۆنی تر لەنێوان کاتژمێر 6:00 بۆ 7:00ی ئێوارە هێرشیان ئەنجامداوە.
لە رۆژى شەممە 4.4.2024یش، هێرشەکان بەسەر سێ ناوچەی جیاوازدا دابەشبوون، بەیانی زوو و لە کاتژمێرەکانی 2:58 و 3:23دا، 2 درۆن بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی 70یان کردووەتە ئامانج. دواتر لە ئێوارەدا و لە کاتژمێرەکانی 7:15 و 7:20دا، جارێکی تر 2 درۆنی تر لە کەمپی پەنابەرانی کۆیەیان داوە.
وەک ئەوەى دەزگاى ئاسایش باسى دەکات، دوایین هێرشیش کاتژمێر 8:39ی شەو بووە کە درۆنێک گوندی “شێخ وەیساوا”ی نزیک شاری سلێمانی کردووەتە ئامانج.
ئاسایشی سلێمانی جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای چڕیی هێرشەکان و ژمارەی درۆنەکان، هیچ زیانێکی گیانی لە دەرئەنجامی ئەو هێرشانەدا تۆمار نەکراوە.