ئەمڕۆ رۆژێکی جیهانییانە
دەزگای مینی هەولێر هەفتەیەک لەسەر شەقامەکان هۆشیاری بڵاودەکەنەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
دەزگای کاروباری مینی هەولێر هاتونەتە سەر شەقامەکانی ئیدارەی سۆران و رێنمایی و هۆشیاری بە هاوڵاتیان دەدەن بۆ خۆپارێزی لە مین و لە مەترسیەکانی مین ئاگاداریان دەکەنەوە، چونکە ئەمڕۆ “رۆژی جیهانی هۆشیاری لە مین و پاڵپشتیکاری قوربانیانی مین”ە.
رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای مینی هەولێر، بە 964ی وت، لەم رۆژە جیهانییەدا، بۆ یەکەمجارە ئەمساڵ لە سەنتەری سۆران بۆ ماوەی هەفتەیەک تیمەکانیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکان دەوەستن بۆ دابەشکردنی پڕوشەر و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسیەکانی مین.
وتیشی “هەرچەندە ئەم چالاکیانەمان بەردەوام ئەنجام دەدرێن، بەڵام بە پێویستیمان زانی لەم رۆژە جیهانییەشدا چالاکییەکان چڕتر بکەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چالاکیانە کاریگەری هەیە لەسەر هۆشیاربوونەوەی هاوڵاتیان بەڵام بەشێک لە خەڵکیش رەچاوی رێنمایەکان ناکەن و مەترسی دەکەوێتە سەر گیانیان.
رێنمایی هاوڵاتیانیش دەکات، کە لە کاتی چوونەدەرەوە لە هەر شوێنێک هێمای مینیان بینی دووربکەونەوە و “ئەگەر شارەزای شوێنێکیش نین پرسیار لە خەڵکی شارەزای ناوچەکە بکەن”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن