"ترەمپ نووستنەکەشی کاریگەری دروست دەکات"
قسەکانی ترەمپ سەری زێڕی خوارد؛ هەر ئۆنسەیەک 200 دۆلار دابەزی
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
قسەکانی ترەمپ سەری زێڕی خوارد و بەروارد بە دوێنێ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 200 دۆلاری لێبووەتەوە.
فایەق فەهد زێڕنگەرە بەئەزموونەکەی بازاڕی زێڕ لە هەولێر قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەر کاتێک ترەمپ قسە دەکات بەڕێژەی 60٪ بۆ 80٪ کاریگەری لەسەر نرخی نەوت و زێڕ و زێو و کانزاکان دروست دەکات، دوای قسەکانی بەربەیانی ئەمڕۆش، زێر یەکسەر دابەزی و هەر مسقاڵێک نزیکەی 25 هەزار دیناری لێبووەتەوە”.
“دەبی وەکوو زێڕنگەر وشیار بین و بزانین کەی ترەمپ دەخەوێ، چونکە نووستنەکەشی کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەکات”، فایەق فەهد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە راگرتنی جەنگی ئێران و کۆتاییهاتنی شەڕەکە، زێڕ رێچکەی خۆی دەگرێتەوە و نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
ئەم دابەزینەی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت کە بەربەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، شەڕەکەیان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت و ئەگەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێکنەکەون، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو بەتوندی لێیان دەدەن و دەیانگەڕێننەوە چاخی بەردین، بەڵام بەپێچەوانەی زێڕ، دوای ئەو قسانە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و هەر بەرمیلێک بەرەوە 110 دۆلار هەنگاو دەنێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری