وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، جگە لە بەرگریکردن هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە و دانوستان و ئاگربەست قبوڵ ناکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
“دانوستان و ئاگربەست قبوڵ ناکەین”
964+
شۆڕش قادری
دوای قسەکانی ترەمپ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، جگە لە بەرگریکردن هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە و لەم ساتەدا دانوستان و ئاگربەست قبوڵ ناکەن.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، “ئەم شەڕە شەڕێکی نابەرابەر و نادادپەروەرانەیە کە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە و جگە لە بەرگریکردن هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە”.
وتیشی، لەئێستادا هەموو گەلی ئێران بەرامبەر ئەو شەڕە یەکیگرتووە و بەهیچ شێوەیەک دانوستان و ئاگربەست قبوڵ ناکەن.
بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم شەڕە شەڕێکی ئاسایی نییە، ئەمریکا و ئیسرائیل رابەر و سەرکردە و فەرماندەکانیان لەکاتی دەوام و خزمەت دەکەنە ئامانج، بۆیە تێکەڵەیەکە لە شەڕ و “کردەوەی تیرۆریستی”.
ئەم قسانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ لە تازەترین وتاری خۆی لە کۆشکی سپی هەڕەشەی لە کاربەدەستانی ئێران کرد و وتی، ئەگەر ژیر نەبن و نەگەنە رێککەوتن، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو بەتوندی لێیان دەدەن و وڵاتەکەیان دەگەڕێننەوە چاخی بەردین.