بۆ دووه‌مجار هەلی دامەزراندن له‌ راپه‌ڕین رادەگەیەندرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

تا ئێستا دوو جار هه‌لى دامه‌زراندن له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین راگه‌یندراوه‌، یه‌كه‌مین بۆ دامه‌زراندنى 40 فه‌رمانبه‌ر بوو، دووه‌میشیان ئێستایهـ‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراون پێویستى به‌ نزیكه‌ى 20 كه‌سه‌ بۆ دامه‌زراندن.

رێباز كه‌مال به‌رپرسی راگه‌یاندن له‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین به‌ 964ـى راگه‌یاند “راگه‌یاندنى هه‌لى دامه‌زراندن بۆ نزیكه‌ى 20 كه‌س بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شه‌هیدان له‌رێگه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و لینكه‌ ده‌بێت، كه‌ چه‌ند خاڵ و مه‌رجێكی تێدا ده‌ستنیشانكراوه‌”.

وتیشی “دامەزراندنەکە بە شێوەی گرێبەست دەبێت بۆ كەسوكاری پلە یەكی شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدكراوان (كوڕ، كچ، هاوسەر، خوشك، برا) لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی راپەڕین”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، لە ئەمڕۆ 13/3/2023ـه‌وە بۆ ماوەی یەك هەفتە خۆتۆمارکردن له‌رێگه‌ى ئه‌و لینكه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

سه‌باره‌ى به‌و هه‌لی دامه‌زراندنه‌ش كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بۆ ته‌واوى ئیداره‌ى راپه‌ڕین راگه‌یه‌ندرا، كه‌ پێویستیان به‌دامه‌زراندنى 40 كه‌سه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى راگه‌یاندن، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تا ئێستا نزیكه‌ى 700 كه‌س فۆڕمی پڕكردۆته‌وه‌، وتیشی “ئێستا له‌قۆناغی كۆتایی داین و له‌داهاتویه‌كی نزیكدا ئه‌و ناوانه‌ى ده‌رده‌چن په‌یوه‌ندیان پێوه‌ ده‌كرێت”.