شەوی رابردوو چی روویدا؟

هەڕشەکانی ترەمپ و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کوردستان

964+

شۆڕش قادری

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئێران کرد و وتی، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بەتوندی لە وڵاتەکەیان دەدەن و دەیگەڕێننەوە چاخی بەردین.

پێش قسەکانی ترەمپ و دوای قسەکانی هێرشێکی بەفراوانی درۆنی کرایە سەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و لە هەولێر پایتەخت و لەناو جەرگەی شار درۆنێک دای لە چێشخانەی باڵەخۆشەکەی فاخیر هەریری، هێرشەکان زیانی گیانیان لێ نەکەوتەوە و بە زیانی ماددی کۆتاییان هات.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەڵێت، سیستمی دژە موشەک و درۆن لە ئاسمانی پایتەخت شەو و رۆژ کارایە و لە بەرزترین ئاستی تەکنەلۆژیای جیهانیدا لە ئامادەباشی تەواودایە.

سوپای ئیسرائیل ئامارێکی نوێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، نزیکەی 10 هەزار هێرشی ئاسمانیان بە بەکارهێنانی نزیکەی 16 هەزار تەقەمەنی جۆراوجۆرئەنجامداوە و بەهۆیانەوە نزیکەی چوار هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە لە بۆردومانی دوێنێ بۆ سەر تاران، ماڵی کەمال خەڕازی وەزیری پێشووتری دەرەوەی وڵاتەکە کراوەتە ئامانج و برینداربووە، خێزانەکەشی گیانی لەدەستداوە.

پڕۆگرامی خەڵات بۆ دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتێکی سێ ملیۆن دۆلاری دیاریکرد بۆ ئەو کەسانەی زانیاری بدەن لەسەر سەرچاوەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و پێگەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

درەنگانی شەوی رابردوو تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران دوو گەنجیان لە خەرەندی رواندز رزگار کرد کە بە مەبەستی شاخەوانی و گەشت روویان لە ناوچەکە کردبوو.

دوێنێ شەو ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و لە ناوچەکانی قودس، حەیفا، تەلئەبیب و نەقەب زەنگی مەترسی لێدرا و بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرپەرچی موشەکەکانیان دایەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی “Epic Fury” تا ئێستا زیاتر لە 12,300 ئامانجیان لە ئێران پێکاوە و زیاتر لە 13,000 فڕینی جەنگییان ئەنجامداوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە هاوڵاتیانی و داوای لێکردن دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن، بەهۆی بوونی هەڕەشەی هێرشی وشیک لەلایەن میلیشیاکانەوە لە 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوودا.

سعوودیە، ئیمارات و بەحرەین رایانگەیاند کە سیستەمی بەرگرییان چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی وڵاتەکانیان تێکشکاندووە و رێگرییان لە کەوتنەخوارەوەیان کردووە.

سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بەهۆی قەیرانی سووتەمەنییەوە رایگەیاند، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە ماڵەوە کار دەکەن، هاوکات سەرۆکی کۆریای باشووریش ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایشی وزە لە مەترسییەکی گەورەدایە.

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلە دەریای مۆلۆکای لە ئەندۆنیزیا هەژاند و بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی بە بەرزی 0.3 مەتر و گیانلەدەستدانی کەسێک.

بەپێی سەرچاوەکانی سکای نیوز، سێ کەس لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای مووسڵ کوژران.

ترەمپ: سەرۆکی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی لێ کردووین

ترەمپ: سەرۆکی نوێی ئێران داوای ئاگربەستی لێ کردووین

بەیانی تا نیوەڕۆ چی روویدا؟

بەیانی تا نیوەڕۆ چی روویدا؟