مەندەلی كرایه‌وه‌ بە قەزا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رەزامەندی نیشاندا، ناحیه‌ى مه‌نده‌لى بكرێته‌وه‌ به‌  قەزا، ده‌شڵێت “چونكه‌ بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت”.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، بۆ یه‌كه‌مجار مەندەلی لە ساڵی 1947 کرایە قەزا و یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عێراق بوو، بەڵام دوای 40 ساڵ و له‌ ساڵی 1987 بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، كرایەوە بە ناحیە و به‌ قه‌زای به‌له‌دروزه‌وه‌ لکێنرا.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، كه‌ 964 بینیویه‌تى، سه‌رله‌نوێ مه‌نده‌لى بە قەزا ده‌ناسێنێته‌وه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ش  هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ساڵ 1987 كه‌به‌هۆیه‌وه‌ كراوبویه‌وه‌ ناحیه‌.

“ئامانج له‌و بڕیاره‌ دووبارە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ مەندەلی، چونكە بەدەست پشتگوێخستن و گرنگی پێنەدانەوە دەناڵێنێت”.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندادنى عێراق، وردبینی تەواو له‌ دۆسییەی بە قەزابونه‌وه‌ی مەندەلی كراوە، لە رووی ستانداردەكانی پلاندانان و ژمارەی دانیشتووان و یەكەی نیشتەجێبون، چالاكی ئابوری و هەموو ئه‌و پێوەرانەی كە پێویستە لە قەزادا هەبێت.

جەختیشیكراوه‌ته‌وە، كه‌ بڕیارى سه‌رله‌نوێ به‌قه‌زاكردنه‌وه‌ى مه‌نده‌لى،  یەكانگیرە لەگەڵ بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی 2010 كە تایبەتە بە هەڵگرتنی كاریگەرییە خراپەكان سەر مەندەلی و هەنگاونان بەرەو بە قەزابوونی ناحیەكە و گەڕاندنەوەی بۆ پێش ساڵی 1987.

ئەو راگه‌یندراوه‌ى وه‌زاره‌تى ناوبراو دوای نووسراوێكی پێشترى وەزارەتی پلاندانان دێت، كه‌ له‌ رۆژى 9.3.2023 بە واژۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاڕاسته‌ى دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە بۆ نوێكردنەوەی بڕیاری بە قەزابونی مەندەلی.

له‌نووسراوه‌كه‌ى وه‌زیردا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، “ئامانج له‌و بڕیاره‌ دووبارە گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ مەندەلی، چونكە بەدەست پشتگوێخستن و گرنگی پێنەدانەوە دەناڵێنێت”.