ماڵ و حاڵى خەڵک
36%ـى هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شوێنە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج
964+
وریا فەتاح
سەرەڕای ئەوەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی پێکانی بنکە سەربازییەکان و بارەگای هێزە هاوپەیمانەکان و ئەمریکا ئەنجام دەدرێن، بەڵام دەرکەوتنی میدیاکان لە شوێنی رووداوەکان راستییەک دەسەلمێنن کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان ماڵ و حاڵ و بژێوی هاووڵاتیانی سڤیلە.
دوای ماوەیەک لە بڕیاری قەدەغەکردنی رووماڵی میدیایی لە شوێنی بۆردومانەکان بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی، دواجار بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، میدکان چوونە شووێنى بۆردوومانێکى درۆنى.
لە گوندی “سێبیران” کە نوێترین شوێنی بۆردومانەکان بوو، تیمى 964 گەیشتە شوێنەکە، ئەوەی لەوێ بینرا، نە بارەگای سەربازی بوو نە دامەزراوەی ئەمنیی، بەڵکو وێرانبوونی دەراسە و تراکتۆر و کەرەستەی کشتوکاڵیی جوتیارێکی گوندەکە بوو. لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 5 ماڵ ماڵ زیانیان پێگەیشتووە و دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاون، ئەمەش ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لای منداڵان و دانیشتوانی ناوچەکە دروست کردووە.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش پشتڕاستی ئەو راستییە مەیدانییانە دەکەنەوە. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی (CPT)، لە ماوەی 30 رۆژی جەنگەکە، 474 هێرشی درۆنی و موشەکی کراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی شیکاریی ئامارەکان، لەو ژمارەیە 172 هێرشیان کە دەکاتە زیاتر لە 36%ى کۆی گشتیی هێرشەکان، راستەوخۆ شوێنە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە نیشانەی هێرشەکان تەنها دامەزراوە ئەمنییەکان نین، بەڵکو ژێرخانی ئابووری و سەقامگیریی خەڵکی مەدەنییە.