پەرلەمان دیارى کرد
بە فەرمى؛ رۆژى 11.4.2026 سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمی رۆژی شەممە، 11ـی نیسانی وەک وادەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی وڵات دیاریکرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەستەی سەرۆکایەتی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان هاتووە، کە تێیدا چەندین مەلەفی گرنگی پەیوەست بە کاری پەرلەمان تاوتوێ کران، لەوانە یاسا گرنگەکان و یەکلاکردنەوەی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کرا و جەخت لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی ئەم شایستە دەستوورییە کرایەوە. سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت کۆتایی بە “چەقبەستوویی سیاسی” بهێنرێت، بەتایبەت لە سایەی ئەو بارودۆخە ئەمنی و ئابوورییەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.
سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کردووە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان هەڵبگرن بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی هەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە شەقامی عێراقی چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی پۆستە باڵاکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی حکومڕانییە.