بەهۆی بارانی بەخوڕ گیریان خواردبوو
لە پردێ 10 پێشمەرگە بە بەلەم رزگارکران
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاو ژمارەیەک پێشمەرگە کە لە سنوری ناحیەی پردێ لە ئەرکدا بوون، گیریان خوارد، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک بە بەلەم رزگارکران.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لەو پێشمەرگانە دوای چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێک بۆ ئەوەی بارانەکە کەم بێتەوە توانرا رزگار بکرێن کە ژمارەیان 10 پێشمەرگە بوو.
سەرچاوەیەکە لە فەوجی دووی کۆماندۆی فیرقەی 11 ی هێزەکانی پێشمەرگەیە بە 964ـی وت، ئەرکی ئەو پێشمەرگانە لە ساترەکانی پێشەوەن لە پردێ و ئەرکیان پاراستنی ئەو سنورەیە، بەهۆی بەخوڕی بارانەوە گیریان خواردبوو.
وتیشی “لەگەڵ ئەوەی کە گیریان خواردووە، کەندێک لەوێ رۆچووە و دەربازبوونیان کەمێک زەحمەت بوو، بەڵام شوکور بۆ خوا تواندرا بە بەلەم رزگار بکرێن”.
بەقسەی ئەم سەرچاوەیە، هەمان ئەو شوێنە کە ئەمڕۆ پێشمەرگەکان گیریان خواردبوو سێ ساڵ بەر لە ئێستا ژمارەیەک پێشمەرگە بەهۆی بارانەوە گیریان خواردبوو دواتر بە هەڵیکۆپتەر رزگار کران.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن