سبەینێ و دووسبەى

بەهۆی بارانەوە؛ پارێزگارى کەرکوک دوو رۆژ پشووى راگەیاند

964+

وریا فەتاح

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، بەهۆی پێشبینییەکانی بەردەوامیی بارانی بەخوڕ و بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکاران، بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن رابگرێت.

بەپێى بڕیارەکەى پارێزگار، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن (باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) پشووی فەرمییە. ئەم بڕیارە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکوک ناگرێتەوە.

بۆ زانکۆی کەرکوک، زانکۆی پۆلیتەکنیک و کۆلێژە ئەهلییەکان (کیتاب، قەڵەم، باباگوڕگوڕ، جەعفەری سادق، و ئیمام ئەعزەم)، تەنیا رۆژی پێنجشەممە پشووی فەرمییە. سەبارەت بە سبەی چوارشەممە، ئیدارەی زانکۆکان سەرپشک کراون لە راگەیاندنی پشوو، بەو مەرجەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر خشتەی تاقیکردنەوەکان نەبێت.

پارێزگاری کەرکوک جەختی کردەوە کە ئەم پشووە تەنها بۆ ناوەندەکانی خوێندنە. فەرمانگەکانی پارێزگا، یەکە کارگێڕییەکان و لیژنەکانی قەیران و کارەسات لە دەوامی فەرمیدا دەبن و لە دۆخی ئامادەباشی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و خزمەتکردنی هاوڵاتیان.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاوڵاتییان کرد کە رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینى، شەپۆلێکى بەخوڕى بارانبارین روو لە هەرێمى کوردستان دەکات و گەرمیان پشکى شێرى بەردەکەوێت.

پێشبینى ناوەندەکە بۆ رێژەى بارانبارین لە کەرکوک بەمشێوەیەیە:

رۆژى چوارشەممە: 15 بۆ 17 ملیمەتر دەبارێت.

رۆژى پێنجشەممە: 33 بۆ 37 ملیمەتر دەبارێت.

رۆژى هەینى: 22 بۆ 26 ملیمەتر دەبارێت.

هۆشدارییە؛ بارانێکى زۆر لەڕێیە و گەرمیان پشکى شێرى بەر...

هۆشدارییە؛ بارانێکى زۆر لەڕێیە و گەرمیان پشکى شێرى بەردەکەوێت