نرخی نەوت رووی لەبەرزبوونەوە کردەوە
بەرەو 104 دۆلار هەنگاو دەنێت
نرخی نەوت رووی لەبەرزبوونەوە کردەوە
964+
شۆڕش قادری
نرخی نەوت رووی لەبەرزبوونەوە کردەوە و هەر بەرمیلێک بەرەو 104 دۆلار هەنگاو دەنێتەوە.
دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری هێرش کردنەسەر ژێرخانی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێرانیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ دواخستووە، نرخی نەوت داڕما و هەر بەرمیلێک رۆیشتەوە خوار 100 دۆلار، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 24.3.2026 جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕی جیهانیی نەوت بە 103 دۆلار و 8 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەڕێژەی 3.89٪ بەرزبووەتەوە.
هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تێکساس بە 91 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی 3.93٪ بەرزبووەتەوە.
پەرەسەندنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران و هێرشبردن بۆ سەر وێستگە و ژێرخانی وزە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری جیهان و کەرتی وزە، بۆیە هەر لێدوانێکی بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە یەکسەر کاریگەری لەسەر بەهای نەوت دروست دەکات.