لە مینە دەریاییەکان

بە مەرج؛ ژاپۆن تەنگەی هورمز پاکدەکاتەوە

96+
وریا فەتاح

حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەست لە جەنگی نێوان (ئەمریکا – ئیسرائیل) و ئێراندا بێتە ئاراوە، ئەوا سوپاکەیان رەوانەی گەرووی هورمز دەکەن بە مەبەستی پاککردنەوەی ئاوەکە لە “مینە دەریاییەکان”.

تۆشیمیتسۆ مۆتێگی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: “ئەگەر ئاگربەستێکی تەواوەتی رابگەیەنرێت و مینە دەریاییەکان ببنە بەربەست لەبەردەم جووڵەی کەشتییەکان، ئەوا ژاپۆن بیر لە ناردنی هێزی سەربازی دەکاتەوە بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە.”

ژاپۆن 90%ـی پێداویستییە نەوتییەکانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ دێت، کە ئێستا بەهۆی جەنگەکەوە کە چووەتە هەفتەی چوارەمی، تاران بە رووی کەشتییەکاندا داخستووە. ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت لە ژاپۆن بەرزببێتەوە و حکومەت پەنا بۆ کۆگاکانی یەدەگی ستراتیژی ببات.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، داوای لێکردبوو ژاپۆن “هەنگاوی زیاتر بنێت” بۆ هاوکاریکردن لە کردنەوەی گەرووەکە، بەڵام ژاپۆن تاوەکو ئێستا تەنیا بە مەرجی ئاگربەست ئامادەیی نیشانداوە.

ژاپۆن خاوەنی دەستوورێکی ئاشتیخوازە و سوپاکەی (هێزەکانی بەرگری لەخۆگرتن) رێگەیان پێنادرێت لە دەرەوەی وڵات بجەنگن، بەڵام یاسایەکی ساڵی 2015 رێگەیان پێدەدات لە حاڵەتێکدا کە “هەڕەشە لە مانەوەی ژاپۆن” بکرێت، دەستێوەردانی سەربازیی سنووردار بکەن.

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازی کردبوو کە تاران رێگە بە کەشتییە ژاپۆنییەکان بدات تێپەڕن، بەڵام مۆتێگی دەڵێت: “زۆر گرنگە بارودۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو کەشتییەکانی جیهان بتوانن بە سەلامەتی لەو رێڕەوەدا تێپەڕن، نەک تەنیا هی ژاپۆن.”