"رەوشی تەندروستی نازم محەمەد جێگیرە"
سامان بەرزنجی سەردانی برینداری هێرشە مووشەکییەکانی کرد
964+
ژێوار خدر
سەردانێکی مەیدانی بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر لەلایەن سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئەنجامدرا، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی نازم محەمەد کانەبی، کە لە هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەرهەولێر بریندار ببوو.
دکتۆر سامان بەرزنجی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بریندارەکەی بەسەر کردووەتەوە، ئەم بەسەرکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە بریندارەکە نەشتەرگەری بۆ کراوە، وەزیری تەندروستیش بە مەبەستی بەدواداچوونی ورد بۆ ئەنجامی نەشتەرگەرییەکە و دڵنیابوونەوە لە رەوتی چارەسەرییەکانی سەردانی کردووە.
لە کاتی بەسەرکردنەوەکەدا، سامان بەرزنجی بەدواداچوونی بۆ رەوشی تەندروستی نازم محەمەد کرد و هیوای سەلامەتی و چاکبوونەوەی بۆ خواست، ئێستا بریندارەکە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و هەوڵەکان بۆ باشتربوونی تەندروستی بەردەوامن.