"ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه‌"

بەغداش چاوی لە هەرێم کرد و رووماڵی میدیایی رووداوه‌كانی سنووردار كرد

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش كۆمه‌ڵێك رێنمایی بڵاوكرده‌وه‌ ده‌رباره‌ی رووماڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆ و وێنه‌ی هێرشه‌ مووشه‌كی و درۆنییه‌كان.

هاوكات وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت، هه‌ركه‌س و هه‌ر ده‌زگایه‌كی میدیایی پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بێت، ئیجرائاتی یاسایی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەم جۆرەیە:

بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و هاوڵاتیانی بەڕێز:

ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پابەندبوون بە یاساکە تاکە رێگایە بۆ رێگریکردن لەو کەسانەی کە تێکدەدرن.

لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاسایش و دەستەبەرکردنی سەقامگیری، وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاوڵاتیان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی میدیا دەکات کە بە تەواوی پابەندی رێنماییە دەرچووەکانی بن و بە پلەیەکی بەرزی بەرپرسیاریه‌تیی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ رووداوە هەنووکەییەکان بكه‌ن.

وەزارەت جەخت لەسەر ئەمانەی خوارەوە دەکاتەوە؛

1- بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی شوێنە ئامانجدارەکان لە پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیادا بە توندی قەدەغەیە، چونکە ئەمە دەتوانێت شوێنه‌ گرنگەکان ئاشکرا بکات کە رەنگە خزمەت بە لایەنە دوژمنکارەکان بگه‌یه‌نێت.

2. وەزارەت داوا لە هاوڵاتیان دەکات نزیک نەبنەوە لە شوێنی رووداوەکان، لەپێناو پاراستنی سەلامەت خۆیان و رێگەدان بە لایەنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.

3. داوا لە هەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین وریا بن و خۆیان لە ئاشکراکردنی ورده‌كاری و لۆكه‌یشن یان شوێنی رووداوەکان بە وردی بەدوور بگرن، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەوانەی سەرپێچی ئەم رێنماییانە دەکەن، لێپرسینەوەی یاسایی توندیان لەگەڵدا دەکرێت.

4. داوا لە هەموو هاوڵاتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە بەشداری بکەن لە پاراستنی ئاسایش بە راپۆرتکردنی هەر ڤیدیۆیەک یان پۆستێک کە سەرپێچی ئەم رێنماییانە دەکات لە رێگەی پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی (911).

دڵنیاتان دەکەینەوە کە ناسنامە و زانیارییەکانی پەیوەندیکەر بە نهێنی دەمێننەوە.

5. وەزارەت رێکاری یاسایی گونجاو بەرامبەر سەرپێچیکاران لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەگرێتەبەر، بە هاوکاری دەسەڵاتی دادوەری، کە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كوردستان ژماره‌یه‌ك رێنمایی هاوشێوه‌ ده‌رچوون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند رێنماییەک بۆ رووماڵی می...

فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند رێنماییەک بۆ رووماڵی میدیایی (ناوخۆیی و بیانی) بڵاوکردەوە