دەستەی دەستپاکی داوای دامەزراندنی دادگای تایبەت بە گەندەڵی دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دەستەی دەستپاکیی هەرێم بۆ جاری دووەم داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە دۆسییەکانی گەندەڵی دەکات. سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، هیچ هەنگاوێک لەو رووەوە نەنراوە.
تۆڕی میدیایی 964 ئاگادارە، دەستەی دەستپاکی جارێکی تر داوای دامەزراندنی ئەو دادگایەی کردووە و بڕیاریش بۆ دامەزراندنی دەرکراوە، بەڵام دواتر بڕیارەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئێستا دەستەی دەستپاکی بەنیازە جارێکی تر داوای دامەزراندنی دادگاکە بۆ ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم بەرز بکاتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: ئێمە تەنها ئەوەمان لەسەرە داوای بکەین، چونکە لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە فشاری زۆرمان لەسەرە بۆ دامەزراندنی.
دەشڵێت، یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی زۆر دوادەکەون و ئەگەر دادگایەکی تایبەت بەو پرسە دابمەزرێت کەیسەکان زووتر ئەنجامیان دەبێت.
هیچ هەنگاوێک لەو رووەوە نەنراوە و کارەکانی وەستێندراون. ئەمەش قسەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمە.