بەهۆى جەنگەوە مابوونەوە

هێڵی ئاسمانی عێراق چوارەم کاروانی عێراقییە گیریخواردووەکانی نیودەلهی گەڕاندەوە

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە چوارەمین گەشتی پردی ئاسمانییان بۆ رزگارکردن و هێنانەوەی ئەو عێراقییانە ئەنجامداوە کە لە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان گیریان خواردووە، گەشتەکەش گەیشتووەتە دەروازەی عەرعەر.

لە راگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ 17.3.2026 بڵاوکراوەتەوە، مەناف عەبدولمونعیم عاجل، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هێڵەکانی ئاسمانی عێراق دەڵێت، “ئەم گەشتانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانماندایە بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییە گیریخواردووەکانی دەرەوەی وڵات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکەیان سەرجەم توانا هونەری و لۆجستییەکانی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نیشتمانی و مرۆییە و دڵنیاییدان لە سەلامەتی گەڕانەوەی هاوڵاتییان، هەروەها بەردەوام دەبن لەو گەشتە نائاساییانە تاوەکو زۆرترین ژمارەی هاوڵاتییان لە کورتترین ماوەدا بگەڕێننەوە.

رێکخستنی ئەم پردە ئاسمانییە لەلایەن هێڵی ئاسمانی عێراق و لایەنە حکومییەکانەوە لە کاتێکدایە، بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، ئاستەنگ بۆ جوڵەی گەشتکردن لە چەندین وڵات دروست بووە و بەو هۆیەوە سەدان عێراقی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دووێنێ دووشەممە، هێڵى ئاسمانى عێراق، قەدەغەى گەشتەکانى بۆ 72 کاتژمێرى دیکە درێژکردەوە.

ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە

ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە