خۆی ئامادە نییە

کەسێک لە فەرەنسا بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان دادگایی دەکرێ

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

کەسێک لە فەرەنسا بە ناوی (سەبڕی صید) بە تاوانی بەشداریکردن لە جینۆسایدی ئێزدییەکان دادگایی دەکرێت، ئەمەش یەکەم دۆسیەی لەم جۆرەیە کە لە دادگاکانی فەرەنسادا کاری لەسەر بکرێت.

دادگاییکردنی (سەبڕی صید)ی تەمەن 42 ساڵان، لەدایکبووی شاری تۆلۆزی باشووری فەرەنسا، تا هەینی داهاتوو لە دادگای تاوانەکانی پاریس بەردەوام دەبێت و بەبێ ئامادەبوونی خۆی دەبێت.

ئەوکەسە وەک توندڕەو ناوی هاتووە و رووبەڕووی تۆمەتی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و هاوبەشی لەم تاوانانە دەبێتەوە، کە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016 ئەنجامی داوە، سێ ژنی ئێزدی نوێنەرایەتی لایەنە مەدەنییەکان دەکەن لە دادگاییکردنەکەدا، بڕیارە دوو کەسیان لە دادگا شایەتحاڵی بدەن.

سەبڕی لە برایانی کلین نزیک بوو، کە بەرپرسیارێتی هێرشەکانی 13ی تشرینی دووەمی 2015یان لە فەرەنسا لەئەستۆگرت، هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ محەمەد مێراحی جیهادیدا هەبوو، کە لە ساڵی 2012 لە هێرشێکدا لە نێوان تولوز و مۆنتاوبان سێ سەرباز و سێ منداڵ و مامۆستایەکی لە قوتابخانەیەکی جووەکان کوشت.

سەبڕی لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە کردووە لە ناوچەکانی عێراق و سوریا و بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی 2018 لە ژێر بارودۆخێکی نهێنیدا گوایە کوژراوە، بەڵام بەبێ پشتڕاستکردنەوەی فەرمی لەسەر مردنەکەی، بۆیە بە هەڵاتوو دادەنرێت و بەو شێوەیە لە بەردەم دادگای تاوانکاری سێ دادوەر بەبێ دەستەی سوێندخواردن دادگایی دەکرێت.

کلیمنس بێکتارتێ، پارێزەری نوێنەرایەتی سێ ژنە ئێزدییەکە و هەشت منداڵەکەیان، رایگەیاندووە، دادگاییکردنەکە رێگە دەدات بە “لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەو تاوانانە بکرێت، کە داعش ئەنجامی داون”.

ئاماژەی بەوەش کرد: زۆر گرنگە دادگاییکردنەکە رۆشنایی بخاتە سەر ئەو پێشێلکارییە جددیانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراون و بەتایبەتی لەسەر سیاسەتی جینۆساید کە دژی دانیشتووانی ئێزدی ئەنجامدەدرێن.

لە 3.8.2014 چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، کە بە داعش ناسراون، هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال و گوندەکانی دەوروبەری، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە ئیزدییەکانن و بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانیان کوشت و بەشێکی زۆریشیان رفاندن، کە تا ئێستا بەشێکیان بێسەروشوێنن.

سبەی هەموو عێراق خولەكێك بۆ گیانی جینۆسایدی ئیزدییەكا...

سبەی هەموو عێراق خولەكێك بۆ گیانی جینۆسایدی ئیزدییەكان دەوەستن